ترەمپ درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنانی بۆ سێ هەفتە راگەیاند

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوای کۆبوونەوەیەک لەگەڵ نوێنەرانی باڵای ئیسرائیل و لوبنان لە کۆشکی سپی، بڕیاری درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵاتی بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە راگەیاند. ترەمپ جەختی کردەوە کە واشنتن هاوکاری لوبنان دەکات بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی لە بەرانبەر هەڕەشەکانی حزبوڵڵا بپارێزێت.

هەینی 24ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) ئاشکرای کرد لە نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی زۆر گرنگی لەگەڵ نوێنەرانی ئیسرائیل و لوبنان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ روبیۆ وەزیری دەرەوە، مایک هەکەبی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل و میشێل عیسا باڵیۆزی ئەمریکا لە لوبنان ئامادە بوون.

ترەمپ رایگەیاند، کۆبوونەوەکە زۆر بە باشی بەڕێوەچووە و ئەمریکا پابەندە بە هاوکاریکردنی حکوومەتی لوبنان بۆ پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەی لە بەرانبەر حزبوڵڵادا. وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکەش، بڕیار درا ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و لوبنان بۆ ماوەی سێ هەفتەی دیکە درێژ بکرێتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا میوانداریی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان دەکات بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان. ترەمپ ئەم کۆبوونەوەیەی بە شەرەفێکی گەورە و رووداوێکی مێژوویی وەسف کرد بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.

پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، پاش زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەرێنی و چڕ لەگەڵ سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ، بە ئامانجی زەمینەسازی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

سێشەممە، 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

بە پێی راگەینەراوی هاوبەشی نێوان سێ وڵاتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی بەرهەمدار ئەنجام دراوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.