سەربازێکی ئەمریکا بەهۆی ئاشکراکردنی زانیاریی نهێنی لەسەر دەستگیرکردنی مادۆرۆ رووبەڕووی دادگا دەبێتەوە
رۆژنامەی واشنتن پۆست راپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، داواکاری گشتیی فیدراڵی لە نیویۆرک تۆمەتی فەرمیی ئاراستەی پلەدارێکی باڵای هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا کرد، کە زانیارییە هەواڵگرییە نهێنییەکانی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلای بەکارهێناوە بۆ بردنەوەی 400 هەزار دۆلار لە رێگەی گرەوکردنی ئۆنلاینەوە. ئەمە یەکەمجارە زانیاریی سەربازیی هەستیار بۆ بازرگانی ناوخۆیی لە سەکۆکانی پێشبینیکردنی ڕووداوەکان بەکاربهێنرێت.
بەپێی نێوەڕۆکی تۆمەتەکە، ئەو سەربازە ناوی جانۆن کین ڤان دایکە و خاوەن پلەی رەقیبی یەکەم (Master Sergeant)ە لە هێزە تایبەتەکان، کە بنکەکەی لە فۆرت براگە لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور. ڤان دایک کە لە ساڵی 2008ەوە لە سوپادایە، تۆمەتبارە بەوەی لە کاتی بەشداریکردنی لە پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە نێوان کانوونی یەکەمی 2025 و کانوونی دووەمی 2026، زانیارییەکانی بۆ بەرژەوەندیی کەسیی خۆی بەکارهێناوە.
داواکاری گشتی دەڵێت ڤان دایک زانیارییە نهێنییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی لە رێگەی ماڵپەڕی پۆلیماریت (Polymarket) گرەو لەسەر کات و ئەنجامی دەستگیرکردنی مادۆرۆ بکات. پۆلیماریت سەکۆیەکی گرەوکردنە کە بە دراوە دیجیتاڵییەکان کار دەکات و رێگە بە بەکارهێنەران دەدات پێشبینییەکانیان لەسەر رووداوە سیاسی و سەربازییەکان بکەنە پارە. ڤان دایک بەهۆی ئەو زانیارییانەی کە هەیبووە، توانیویەتی 400 هەزار دۆلار قازانج بکات.
بەڵگەکانی دادگا ئاشکرای دەکەن، ڤان دایک لە وێنەیەکدا لەسەر پشتی کەشتییەک دەرکەوتووە کە جلی سەربازیی ئەمریکای پۆشیوە و چەکی بەدەستەوەیە، لە کاتێکدا پێش دەستبەکاربوونی واژۆی لەسەر رێککەوتننامەی پاراستنی نهێنییەکان کردبوو و بەڵێنی دابوو هیچ زانیارییەکی هەستیار لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ هیچ مەبەستێک ئاشکرا نەکات.
ئەو سەربازە ئەمریکییە ئێستا رووبەڕووی چەندین تۆمەتی قورس بووەتەوە، لەوانە: بەکارهێنانی نایاسایی زانیارییە حکوومییە نهێنییەکان بۆ دەستکەوتی کەسی، دزینی زانیارییە رانەگەیەندراوەکانی حکوومەت، ئەنجامدانی فێڵی ئەلیکترۆنی و ئەنجامدانی مامەڵە داراییە نایاساییەکان.
بەرپرسانی وەزارەتی داد جەخت دەکەنەوە کە ئەم کارە پێشێلکردنی سوێندی سەربازی و متمانەی نیشتمانییە و مەترسیی گەورەی بۆ سەر سەلامەتیی سەربازانی تر و پلانە سەربازییەکان دروست کردووە، چونکە بازرگانیکردن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان دەکرێت پلانەکان بۆ لایەنی بەرامبەر ئاشکرا بکات.
بەگوێرەی نووسینگەی داواکاری گشتیی فیدراڵی، فان دایک نزیکەی مانگێک بەشداریی لە پلاندانان و جێبەجێکردنی پرۆسەی دەستگیرکردنی مادورۆدا کردووە، کە لە 8ی کانوونی یەکەمی 2025ەوە دەستی پێکردووە.