بەنداوەکانی گەرمیان: ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە گەرمیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە

سەرڕێژبوونی بەنداوی باوەشاسوار لە کفری - ئیدارەی گەرمیان( ئەرشیف)
سەرڕێژبوونی بەنداوی باوەشاسوار لە کفری - ئیدارەی گەرمیان( ئەرشیف)

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان ئاماژە بەوە دەکات، تا ئێستا هەر چوار بەنداوەکانی سنوورەکە بەردەوام سەرێژ دەبن و ئاستی ئاوی ژێر زەویش لە بەرزبوونەوە دایە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی نیسانی 2026، جەبار مەحموود، بەڕێوەبەری بەنداوەکان لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: باران بارینی ئەمساڵ لە تەواوی ناوچەکان بووە هۆی بووژانەوەی ئاو و کانیاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوەکان.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان گوتیشی: لە ئیدارەی گەرمیان چوار بەنداو هەن، ئەمساڵ هەر چواریان سەررێژبوون و تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.

ئاماژەی بەوەشدا، سەررێژبوونی ئەم بەنداوانە سوودی زۆری بۆ جوتیاران و ئاژەڵداران گەیاندووە، هەروەها بۆ سامانی ماسیش بەهەمانشێوە.

جەبار مەحموود رایگەیاند، بەنداوی ئاوەسپی گەورەترین بەنداوی سنوورەکە و 25 گوند سوود لە ئاوی بەنداوەکە دەبینن، کە بەشی زۆریان بۆ کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بەکاریدەهێنن و نزیکەی 11 هەزار دۆنم زەوی دەگرێتەوە و هەروەها بەنداوی باوە شاسوار نزیکەی حەوت هەزار دۆنم زەوی بۆ کشتوكاڵ سوودی لێ وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەری بەنداوەکانی گەرمیان باس لەوە دەکات، ئاستی ئاوی ژێرزەوی بە رێژەیەکی زۆر بەرزبووەتەوە و ئەمساڵ بەهیچ شێوەیەک مەترسی وشکەساڵی لە سنوورەکە نییە.

بەنداوەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ئەمانەن:

 بەنداوی باوەشاسوار لە شارۆچکەی کفری.

بەنداوی ئاوەسپی لە شارەدێی ئاوەسپی.

بەنداوی تورەجار لە شارەدێی شێخ تەویل.

بەنداوی حەسەن کەنۆش لە سنووری شارەدێی سەنگاو.

بەگشتیی ئەمساڵ رێژەیەکی زۆری باران لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان باریوە و بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی نزیکەی چوار هێندەی ساڵی رابردوو باران باریوە.