کەناڵی 12ی ئیسرائیلی: ئیسرائیل و ئەمریکا پلانی ئۆپەراسیۆنێکی خێرا دژی ئێران دادەنێن

کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاشکرای کرد، تەلئەڤیڤ و واشنتن هەوڵدەدەن ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی کورت و خێرا دژی ئێران ئەنجام بدەن بۆ ئەوەی دوور بکەونەوە لە جەنگێکی درێژخایەن. بەپێی راپۆرتەکە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل بانکێکی ئامانجی نوێی دیاری کردووە جەخت لەسەر وێرانکردنی ژێرخانی ئابووری و کەرتی وزەی ئەو وڵاتە دەکاتەوە.

هەینی 24ـی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی، ئیسرائیل و ئەمریکا لە هەماهەنگیدان بۆ داڕشتنی پلانێک لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی جەنگدا، گورزێکی کورت و کاریگەر لە تاران بوەشێنن. ئامانجی ئەم جووڵە سەربازییە ئەوەیە کە پەیامێکی روون بگەیەنن بێ ئەوەی ناوچەکە بەرەو جەنگێکی گشتگیر و درێژخایەن ببەن.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لیستێکی نوێی ئامانجەکانی ئامادە کردووە کە لەسەر بنەمای ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی پێشوو داڕێژراون. ئەمجارەیان جەختکردنەوە تەنیا لەسەر کەرتی سەربازی نابێت، بەڵکوو ئامانجەکان بە جۆرێک دەستنیشان کراون کە زیانی گەورەی ئابووری بە ئێران بگەیەنن.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئامانجی سەرەکیی ئیسرائیل لە ئەگەری هەر پێکدادانێکی نوێدا، لێدانی ژێرخانی وزە و کەرتی سووتەمەنییە، بەو پێیەی وەک گورزێکی بە ئازار بۆ سەر تاران دەبینرێت و توانای بەردەوامبوونی حکوومەت لە دابینکردنی خەرجییەکان پەکدەخات.

ئێستا واشنتن و تەلئەڤیڤ هاوڕان لەسەر ئەوەی کە دەبێت هەر هێرشێکی نوێ کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر داهاتی ئێران هەبێت بۆ ئەوەی ناچاری بکەن پاشەکشە لە سیاسەتە ناوچەییەکانی بکات.