میدیاکانی پاکستان: عەباس عێراقچی ئەمشەو سەردانی ئیسلامئاباد دەکات
سەرچاوەیەک لە حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیسلامئاباد دەکات و گەڕی دووەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
هەینی 24ـی نیسانی 2026، میدیاکانی پاکستان لە زاری سەرچاوەیەک لە حکوومەتی وڵاتەکەی بڵاویان کردووەتەوە، بڕیارە ئەمشەو عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە یاوەریی شاندێکی بچووک بگاتە شاری ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان. ئەم سەردانە وەک ئامادەکارییەک دێت بۆ دەستپێکردنی گەڕی دووەمی دانوستانە ئاشتییەکانی نێوان تاران و واشنتن، کە لە ژێر چاودێری و نێوەندگیریی حکوومەتی پاکستان بەڕێوەدەچێت.
گەیشتنی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیسلامئاباد دوای گفتوگۆی گرنگەکانی تیمی نێوەندگیریی پاکستان دێت لەگەڵ تاران و واشنتن، چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا گەڕی دووەمی گفتوگۆکانی ئاشتی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران دەستپێبکاتەوە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە.
هاوکات، سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، تیمێکی لۆجیستی و ئەمنیی ئەمریکی پێشوەختە گەیشتوونەتە ئیسلامئاباد. ئەرکی ئەم تیمە بریتییە لە فەراهەمکردنی کەشێکی گونجاو و ئاسانکاریی تەکنیکی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دانوستانەکان، ئەمەش نیشانەی جددیبوونی هەوڵەکانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەروەها هەر ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد ئیسحاق دار، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان، و عاسیم مونیر، فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان بە تەلەفۆن قسەی کردووە و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پرسی ئاگربەستی تاوتوێ کرد تاوتوێ کراوە.