ترەمپ هەڕەشە لە ماکرۆن دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەی ئەوە دەکات، ئەگەر فەرەنسا باجی سەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکان هەڵنەگرێت، واشنتن گومرگی 100% دەخاتە سەر هەموو جۆرە شەراب و بەرهەمە کحوولییەکانی ئەو وڵاتە.

ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی نیویۆرک پۆست رایگەیاند؛  داوای لە ئیمانوێل ماکرۆن کردووە ئەو باجە 3%ـیەی لەسەر کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکان دایناوە هەڵیبگرێت. گوتیشی: "داوام لێکردووە باج نەخاتە سەر کۆمپانیاکانمان، ئەگەر بەردەوام بن، ناچارم گومرگێکی زۆر گەورە بخەمە سەر بەرهەمەکانیان لە بازاڕی ئەمریکا."

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، تەنیا رێگە بۆ ئەوەی ماکرۆن لەم فشارە رزگاری بێت، هەڵوەشاندنەوەی ئەو باجەیە کە بەسەر کۆمپانیا ئەمریکییەکاندا سەپێندراوە.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکانی لووتکەی وڵاتانی "G7"، بگاتە شاری ئیڤیان لە فەرەنسا. ئەمەش لە کاتێکدایە زۆربەی سەرکردەکانی جیهان بە نیگەرانییەوە سەیری سیاسەتە بازرگانی و دیپلۆماسییەکانی ترەمپ دەکەن کە بووەتە هۆی دروستبوونی هەندێک ئاڵۆزی لە بازاڕ و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا.