ترەمپ: دەبێت ئیسرائیل سوپاسگوزار بێت

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" رایگەیاند، رێککەوتن لەگەڵ ئێران لە کۆتاییدا گەرەنتی ئەوە دەکات گەرووی هورمز بە شێوەیەکی هەمیشەیی و بەبێ باج بمێنێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران لە کۆتایی مانگی شوبات و سەپاندنی گەمارۆی دەریایی لە دوای ئەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەو شێوەیە داڕشتووەتەوە کە لە بەرژەوەندی ئەمریکادایە. هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری شکستھێنانی گەیشتن بە رێککەوتنی ئەتۆمی، هێرشە سەربازییەکان دەستپێدەکەینەوە، یان واشنتن دەکاتە پاسەوانی ناوچەکە لە بەرامبەر وەرگرتنی 20%ی داهاتەکان.

سەبارەت بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ رایگەیاند؛ مامەڵەکردن لەگەڵی زۆر قورسە. و گوتیشی: "دەبێت زۆر سوپاسگوزاری ئێمە بێت، چونکە ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی هەبووایە، ئیسرائیل نەدەما." سەرۆکی ئەمریکا روونیشی کردەوە، هێرشەکانی ئیسرائیل خەریک بوو رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران پەکبخات.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئەمڕۆ دووشەممە، 15ـی حوزەیرانی 2026، لە زاری سێ بەرپرسی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران ئەو هێرشەی پلانی بۆ داڕشتبوو وەک وەڵامێک بۆ لێدانەکانی سەر بەیرووت بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامی بدات، هەڵوەشاندووەتەوە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، ئەم هەڵوەشاندنەوەیە دوای دەستوەردانی ترەمپ هاتووە کە لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە داوای لە ئێران کردووە دان بە خۆیدا بگرێت. ئاماژە بەوەش کراوە، لە ناوەندەکانی بڕیار لە تاران دەمەقاڵێ هەبووە؛ هەندێک لە بەرپرسان پێیان وابووە وەڵامدانەوە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبێت بۆ تێکدانی رێککەوتنی ئاشتیی نێوان تاران و واشنتن.

ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال پیرۆزبایی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد وەک هەنگاوی یەکەم، دەسەڵاتی تەواوی داوە بە کردنەوەی "گەرووی هورمز" بە رووی کەشتیگەلی نێودەوڵەتیدا بەبێ تێچوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ترەمپ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و گوتی: "کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن. با نەوت بڕوات!"

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، بەم هەنگاوە، جارێکی دیکە نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان ئاسایی دەبێتەوە.