چوار وڵاتی ئەوروپی ئامادەن سزاکانی سەر ئێران هەڵگرن

شانشینی یەکگرتوو، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، ئامادەیی خۆیان نیشان دا بۆ هەڵگرتنی بەشێک لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپێنراون، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ گرتنەبەری هەنگاوی روون و پشتڕاستکراوە لەلایەن تارانەوە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی. 

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز، وڵاتانی رۆژئاوا پلانێکی پلەبەندییان داڕشتووە تێیدا هەڵگرتنی سزاکان بەستراوەتەوە بە هەنگاوە کردەییەکانی ئێران. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پڕۆسەکە دوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن لە نێوان لایەنەکان دەست پێدەکات و هەر پێشکەوتنێک لە دۆسیە ئەتۆمییەکەدا، ئازادکردنی بەشێک لە دارایییە بلۆککراوەکانی ئێرانی بەدوادا دێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی بڵاویکردەوە کە واشنتن بەڵێنی داوە بڕی 24 ملیار دۆلار لە پارە سڕکراوەکانی ئێران ئازاد بکات. بەپێی زانیارییەکان، بڕیار وایە نیوەی ئەو بڕە پارەیە پێش واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتن بگەڕێندرێتەوە بۆ تاران. هاوکات، ئەمریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئێران هەڵکردووە تاوەکو لە ماوەی 60 رۆژی ئاگربەستی دیپلۆماسیدا، بەردەوام بێت لە فرۆشتنی نەوتەکەی.

وڵاتانی ئەورووپی جەختیان کردووەتەوە، ئامانجی سەرەکییان رێگریکردنە لەوەی ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. لە بەیاننامە هاوبەشەکەیاندا هاتووە، کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەردەوام دەبێت بۆ دڵنیابوونەوە لە شەفافیەتی چالاکییەکانی تاران، و هەر جۆرە ئاسانکارییەک تەنیا لە پێناو گەیشتنە بە چارەسەرێکی دیپلۆماسی درێژخایەن کە سەقامگیری ناوچەکە بپارێزێت.

دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیال پیرۆزبایی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ تاران کرد و رایگەیاند "رێککەوتنەکە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا تەواو بوو." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد وەک هەنگاوی یەکەم، دەسەڵاتی تەواوی داوە بە کردنەوەی "گەرووی هورمز" بە رووی کەشتیگەلی نێودەوڵەتیدا بەبێ تێچوو.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارەدا، ترەمپ فەرمانی کردووە بە هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆ دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و گوتی: "کەشتییەکانی جیهان، بزوێنەرەکانتان دابگیرسێنن. با نەوت بڕوات!"

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، رۆژی هەینی، لەگەڵ واژۆکردنی فەرمیی رێککەوتنەکە، گەرووی هورمز بۆ مەبەستی پاککردنەوەی مینەکان دەکرێتەوە. جەختیشی کردەوە، بەم هەنگاوە، جارێکی دیکە نەوت بە گەرووەکەدا تێدەپەڕێت و جووڵەی وزە بۆ ناوچەکە و جیهان ئاسایی دەبێتەوە.