ئەمریکا یەکەم هەنگاوی گومەزی زێڕینی دەستپێکرد
سوپای ئەمریکا بە فەرمی یەکەم هەستەوەری (Sensor) سیستەمی بەرگریی مووشەکیی گومەزی زێڕین (Golden Dome)ـی لە ناوخۆی خاکەکەیدا جێگیر کرد. ئەم هەنگاوە پڕۆژەی گومەزی زێڕین لە قۆناغی بیرۆکەوە دەگوازێتەوە بۆ قۆناغی جێبەجێکردنی مەیدانی، بە ئامانجی پاراستنی ئاسمانی ئەمریکا لە بەرانبەر مووشەکە بالیستییەکان، مووشەکە جووڵاوەکان (Cruise) و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
جەنەڕاڵ مایکل گێلاتین، فەرماندەی باڵا لە سوپای ئەمریکا، ڕایگەیاند یەکەم پارچەی کارای ئەم سیستەمە کە بە "سیستەمی چاودێریی بەردەوامی دوور مەودا" یان (ALPS) ناسراوە، لە بنکەی "لیتل کریک فۆرت ستۆری" جێگیر کراوە. ئەم سیستەمە خاوەن توانایەکی بێوێنەیە لە ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و شوێنکەوتنی ئەو هەڕەشانەی کە رادارە کلاسیکییەکان ناتوانن بە ئاسانی دەستنیشانیان بکەن.
سیستەمی (ALPS) جیاواز لە رادارە کۆنەکان، پشت بە "روانینی ناچالاک" (Passive Detection) دەبەستێت؛ واتە هیچ شەپۆلێک لە خۆیەوە دەرناکات تا دوژمن نەتوانێت دەستنیشانی بکات یان پەیوەندییەکانی تێک بدات (Jamming). ئەم سیستەمە تەنیا گوێ دەگرێت لەو شەپۆلە ئەلیکترۆمەگناتیسیانەی کە لە خودی مووشەک یان درۆنەکەوە دەردەچن و لە رێگەی زیرەکیی دەستکردەوە داتاکان بۆ مووشەکە بەرپەرچدەرەوەکان دەنێرێت.
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) تێچووی بنەڕەتیی ئەم پڕۆژە زەبەلاحەی بە 185 ملیار دۆلار خەمڵاندووە، و تەنیا بۆ ساڵی دارایی 2027 بڕی 17.5 ملیار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە. سیستەمەکە بە جۆرێک داڕێژراوە کە لەسەر ئۆتۆمبێلی سەربازیی مامناوەند بار دەکرێت، ئەمەش وای کردووە کە بتوانرێت بە ئاسانی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر بگوازرێتەوە.
ئەم پارچە نوێیەی گومەزی زێڕین لە نزیک سیستەمی بەرگریی "ساد" (THAAD) جێگیر کراوە. شارەزایان دەڵێن ئەرکی سەرەکیی ئەم هەستەوەرانە پڕکردنەوەی ئەو کون و کەلێنانەیە کە رادارە ئاساییەکان هەیانە، بەتایبەت بۆ ئەو درۆن و مووشەکانەی لە ئاستێکی زۆر نزمدا دەفڕن و پەنا بۆ بەرز و نزمییەکانی زەوی دەبەن تا خۆیان لە رادار بشارنەوە.
پڕۆژەی گومەزی زێڕین لە ئایندەدا چەندین چینی تری بەرگری لە وشکانی، دەریا و تەنانەت بۆشایی ئاسمانیش دەگرێتەوە، کە هەموویان لە رێگەی تۆڕێکی یەکگرتووی زیرەکیی دەستکردەوە بەڕێوەدەبرێن بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و کاتی بۆ هەر هێرشێکی ئەگەری.