رەنگە سەڵاح بەشداری مۆندیالی 2026 نەکات

محەمەد سەڵاح
محەمەد سەڵاح

محەمەد سەڵاح هێرشبەری هەڵبژاردەی مسڕ و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، لە دوایین یاری یانەکەی بەرامبەر کریستاڵ پاڵاس لە گەڕی 34ـی خولی نایابی ئینگلیزی لە ماسولکەکانی رانی تووشی پێکان بوو و بەم هۆیەوە یاریگای جێهێشت.

هێرشبەرە مسڕییەکەی رێدز لە خولەکی 59 نیوەی دووەم لە ماسولکەکانی رانی چەپی هەستی بە ئازار کرد، بۆیە بە ناچاری گۆڕانکاری پێکرا و یاریگای جێهێشت. دوای یارییەکە بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی مسڕ بڵاویکردەوە کە پەیوەندی بە سەڵاح کردووە و پێکانەکەی پشتراستکردووەتەوە.

ئیبراهیم حەسەن بەڕێوەبەری هەڵبژاردەی مسڕ لەمبارەوە رایگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە پەیوەندی بە محەمەد سەڵاح کردووە و پێی راگەیاندووە کە تووشی پچڕانی ماسولکەکانی رانی بووە، بۆیە سەڵاح پێویستی بە نزیکەی 4 هەفتە پشوودان هەیە.

بەرێوەبەرەکەی فیرعەونەکان لەبارەی بەشداری کردنی هێرشبەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە مۆندیالی 2026 گووتی، زۆر گەشبینین کە پێش دەسپێکردنی مۆندیالی داهاتوو سەڵاح بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاک بێتەوە و بەشداری ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەکەمان بکات.