سوپای ئیسرائیل فەرمانی چۆڵکردن بە 7 شارۆچکەی لوبنان دەدات

سوپای ئیسرائیل ، فەرمانی چۆڵکردنی بەپەلی بۆ دانیشتووانی حەوت شارۆچکە لە باکووری رووباری لیتانی لە باشووری لوبنان دەرکرد، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی بازنەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی.

یەکشەممە 26ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەیەکدا داوای لە دانیشتووانی شارۆچکەکانی (میفدون، شوکین، یەحمەر، ئەرنوون، زۆتەر، و کەفەر تێبنیت) کردووە دەستبەجێ ماڵەکانیان چۆڵ بکەن و بەرەو ناوچەکانی باکوور بڕۆن.

بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، سوپای ئیسرائیل شەوی رابردوو چەندین کردەوەی تەقاندنەوە و وێرانکردنی گەورەی لە شارۆچکەکانی قەنتەرە و تەیبە ئەنجامداوە، هاوکات فڕۆکە جەنگییەکان بڵاوکراوەیان بەسەر ئاسمانی شارۆچکەی مەنسووری دا فڕێداوە و تیایدا هۆشدارییان داوەتە هاووڵاتیان کە نەگەڕێنەوە یان هاتوچۆ نەکەن بەرەو 76 گوند و شارۆچکە لە باشووری لوبنان.

هەر لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە، تۆپخانەکانی ئیسرائیل دەوروبەری شارۆچکەی شەمع یان تۆپباران کردووە، هەروەها زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر شارۆچکەکانی حەدەسا، بازووریە، شەعێتیە و قەلیلە.

بەهۆی ئەم پەرەسەندنە ئەمنی و سەربازییانەوە، جارێکی دیکە شەپۆلێکی توندی ئاوارەبوون لە باشووری لوبنانەوە دەستیپێکردووە، رێگا سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی سور و سەیدا بەرەو بەیرووتی پایتەخت، قەرەباڵغییەکی زۆری هاتوچۆی تێدا بینراوە، لەکاتێکدا هەزاران خێزان لە ترسی هێرشەکان ناوچەکانیان جێدەهێڵن.

ئەم پەرەسەندنی ئاڵۆزییانە دوای ئەوە دێت، پێنجشەممە، 16ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، پاش زنجیرەیەک گفتوگۆی ئەرێنی و چڕ لەگەڵ سەرکردەکانی لوبنان و ئیسرائیل، هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتنێکی فەرمی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست بۆ ماوەی 10 رۆژ، بە ئامانجی زەمینەسازی بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی هەمیشەیی لە ناوچەکەدا.

سێشەممە، 14ی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، میوانداری کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی مێژوویی کرد بە ئامادەبوونی شاندی باڵای ئیسرائیل و لوبنان بە چاودێریی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا.

بە پێی راگەینەراوی هاوبەشی نێوان سێ وڵاتەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی بەرهەمدار ئەنجام دراوە سەبارەت بە هەنگاوەکانی دەستپێکردنی دانوستانی راستەوخۆ لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.