تۆم بەڕاک بە پەیامێکی توندەوە سەردانی بەغدا دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە یەکەم گەشتی فەرمیدا بگاتە بەغدا و پەیامێکی گرنگی سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە پرسی چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی هەژموونی ئێران بە سەرۆکوەزیرانی عێراق رابگەیەنێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 15ی حوزەیرانی 2026، تۆم بەڕاک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بە سەردانێکی دیپلۆماسی دەگاتە بەغدا. لە دەستپێکی سەردانەکەشیدا، راستەوخۆ لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت کە بەڕاک بە فەرمی لەلایەن ترەمپەوە بۆ ئەم ئەرکە راسپێردراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، نێردەکەی ترەمپ نامەیەکی گرنگی سەرۆکی ئەمریکا دەگەیەنێتە عەلی زەیدی، کە تێیدا جەخت لەوە کراوەتەوە؛ دەبێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 تەواوی گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و چەکیان لێ وەربگیرێتەوە کە خودی دانانی عەلی زەیدی لەو پۆستەدا، بۆ مەبەستی سنووردارکردنی ئەو گرووپە چەکدارانە بووە.
گوشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکوومەتی عێراق لە کاتێکدایە، گرووپەکانی وەک (کەتایبی حزبوڵڵا، نوجەبا و سەید شوهەدا) بە راشکاوانە رایانگەیاندووە کە ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن و ناچنە ژێر رکێفی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی بێمتمانەیی لای ترەمپ و نێردەکەی، چونکە مەترسی ئەوەیان هەیە تەنانەت ئەو گرووپانەشی کە چەک دادەنێن و دەچنە نێو حکوومەت، لە کاتی هەر دۆخێکی نەخوازراودا دووبارە دەست بدەنەوە چەک.
بڕیارە تۆم بەڕاک لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ زەیدی، جەخت لەوە بکاتەوە کە نابێت چیتر هیچ چەکێک لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا بمێنێت و پێویستە هەژموونی ئێران بەسەر حکوومەتی عێراقەوە کۆتایی پێ بهێنرێت. جیا لە پرسی ئەمنی، چەند پرسێکی ئابووری گرنگیش تاوتوێ دەکرێن.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، بڕیارە سبەی رۆژی سێشەممە، نێردەکەی ترەمپ سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرکردەی لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.