مۆسکۆ و پیۆنگیانگ رێککەوتنێکی سەربازیی درێژخایەن واژۆ دەکەن
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ و پیۆنگیانگ گەیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە وەزیری بەرگریی رووسیا لە سەردانێکیدا بۆ کۆریای باکوور، ستایشی رۆڵی هێزەکانی ئەو وڵاتەی کرد لە جەنگی دژی ئۆکرانیا و جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەن پلانێکی ستراتیژی بۆ ساڵانی 2027-2031 واژۆ بکەن.
یەکشەممە 26ی نیسانی 2026، ئاندرێ بێلۆسۆڤ، وەزیری بەرگریی رووسیا، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکوور، رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی کۆریای باکوور رێککەوتین کە هاوکارییە سەربازییەکانمان بخەینە سەر بنەمایەکی جێگیر و درێژخایەن." ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی ئامادەیە لەمساڵدا پلانێکی هاوبەش بۆ هاوکاریی سەربازی بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو (2027 تا 2031) واژۆ بکات.
ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە پیۆنگیانگ هەزاران سەرباز و بڕێکی زۆر مووشەک و تەقەمەنی بۆ پشتیوانی لە سوپای رووسیا رەوانەی بەرەکانی جەنگ کردبوو. لە بەرانبەردا، رووسیا یارمەتی دارایی، تەکنەلۆژیای سەربازی، خۆراک و وزە پێشکەش بە کۆریای باکوور دەکات.
لە میانی سەردانەکەیدا، وەزیری بەرگریی رووسیا خەڵاتی سەربازیی بەخشییە ئەو سەربازە کۆرییانەی کە لە ئۆپراسیۆنەکانی ناوچەی "کۆرسک" بەشدار بوون بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکرانیا. ڤیاچێسلاڤ ڤۆلۆدین، سەرۆکی پەرلەمانی رووسیا، کە ئەویش لە شاندەکەدا بوو، رایگەیاند، "سەربازە کۆرییەکان شانبەشانی ئەفسەرانی ئێمە جەنگاون بۆ رزگارکردنی خاکی رووسیا لە نازییەکانی ئۆکرانیا."
هاوکات حکوومەتی سیئۆل (کۆریای باشوور) مەزەندە دەکات کە تا ئێستا نزیکەی 2000 سەربازی کۆریای باکوور لە جەنگی ئۆکرانیادا کوژرابێتن.
راپۆرتە هەواڵگرییەکان باس لەوە دەکەن کە فەرمان بە سەربازە کۆرییەکان کراوە پێش دەستگیرکردنیان لە مەیدانی جەنگدا، کۆتایی بە ژیانی خۆیان بهێنن، هەر بۆیە تا ئێستا تەنیا دوو سەربازی ئەو وڵاتە بە زیندوویی لە لایەن هێزەکانی ئۆکرانیاوە بە دیل گیراون.
ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیەی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگیانگ، کە لە ساڵی 2024 بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی بەرگریی هاوبەش گەیشتە لووتکە، نیگەرانییەکی زۆری لای وڵاتانی رۆژئاوا دروست کردووە و بە مەترسییەکی نوێ بۆ سەر ئاسایشی جیهانی دادەنرێت.