ئەکسیۆس: ئیسرائیل بۆ پاراستنی ئیمارات لە هێرشەکانی ئێران، گومەزی ئاسنینی ناردووەتە ئەو وڵاتە

ئیسرائیل سیستەمی بەرگریی گومەزی ئاسنین (Iron Dome) و تیمێکی سەربازیی رەوانەی ئیماڕات کردووە. ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای دەکات کە ئەم هەنگاوە نهێنییە دوای ئەوە هاتووە ئیمارات لە کاتی جەنگدا رووبەڕووی هێرشێکی مووشەک و درۆنەکانی ئێران بووەتەوە.

یەکشەممە 26ی نیسانی 2026، بەپێی زانیارییەکانی دوو بەرپرسی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی بۆ ئەکسیۆس"، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ محەممەد بن زاێد سەرۆکی ئیمارات، فەرمانی ناردنی پاترییەکی گومەزی ئاسنینی داوە بۆ ئیمارات. ئەمە یەکەمجارە لە مێژوودا ئیسرائیل ئەم سیستەمە بەرگرییە و سەربازانی خۆی بنێرێتە وڵاتێکی دیکە دەرەوەی ئەمریکا بۆ مەبەستی ئۆپراسیۆنی سەربازی.

وەزارەتی بەرگریی ئیمارات ئاشکرای کردووە، کە لەو ماوەیەدا تاران زیاتر لە هەر وڵاتێکی تری ناوچەکە ئیماراتی کردووەتە ئامانج. ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ئێران نزیکەی 550 مووشەکی بالیستی و کرۆزی و زیاتر لە 2200 درۆن ئاراستەی ئیمارات کردووە، هەرچەندە زۆربەیان تێکشکێندراون، بەڵام هەندێکیان ئامانجی مەدەنی و سەربازییان لە نێو ئیمارات پێکا بوو.

ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات، هاوکارییەکانی ئیسرائیل تەنیا لە نێو خاکی ئیمارات نەبووە، بەڵکوو هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل چەندین هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر سەکۆ مووشەکییەکانی باشووری ئێران ئەنجامداوە، پێش ئەوەی بتوانن ئیمارات و وڵاتانی دیکە کەنداو بپێکن.

سەرەڕای مەترسی بوونی سەربازی ئیسرائیلی لە خاکی وڵاتێکی عەرەبیدا، بەرپرسانی ئیمارات دەڵێن ئەم جەنگە تێڕوانینی خەڵک و دەسەڵاتی گۆڕیوە. بەرپرسێکی باڵای ئیماراتی بە ئەکسیۆسی راگەیاندووە: "ئێمە ئەم هاوکارییەی ئیسرائیل و ناتانیاهۆ لە یاد ناکەین. لەم ساتە هەستیارەدا بۆمان دەرکەوت هاوڕێی راستەقینەمان کێیە."

ئێستا ئیمارات هەر یەکە لە ئیسرائیل، ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئیتاڵیا و ئوسترالیا وەک ئەو هاوپەیمانە راستەقینانە دەبینێت کە لە کاتی تەنگانەدا پارێزگارییان لە سەروەریی خاکەکەی کردووە. ئەم پەرەسەندنە نیشانەی ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی نێوان تەلئەڤیڤ و دوبەی گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ستراتیژی و ئەمنی لە مێژووی هەردوو وڵاتدا.