ترەمپ: وتاری رق و کینەی دیموکراتەکان هۆکاری هێرشەکەی هۆتێل هیڵتنن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس" باسی لە رووداوی تەقەکردنەکەی رۆژی شەممەی نێو هۆتێل "هیڵتن" کرد و گومانلێکراوەکەی بە "توندڕەو و دژە مەسیحی" وەسف کرد.
ترەمپ رایگەیاند: "وتاری رق و کینەی دیموکراتەکان بۆ وڵاتەکە زۆر مەترسیدارە." ئاماژەی بەوەش کرد، بەیاننامەیەکی تەقەکەرەکەی خوێندووەتەوە و تێیدا دەرکەوتووە کە کەسەکە توندڕەو بووە، گوتیشی: "ئەو پێشتر مەسیحی بووە و دواتر بووەتە دژە مەسیحی."
سەبارەت بە ئەدای هێزە ئەمنییەکان، ترەمپگ وتی: "من یەکێکم لە هەوادارە گەورەکانی کارمەندانی جێبەجێکردنی یاسا. دەستوەردانیان زۆر خێرا و سەرسوڕهێنەر بوو، زۆر بە پیشەییانە مامەڵەیان کرد." هەروەها جەختی کردەوە، دوای بیستنی دەنگی تەقەکە لە هۆتێلەکەدا، نیگەرانی ئەگەری برینداربوون نەبووە.
ترەمپ پێشنیازی کرد، پێویستە "شێوی پەیامنێرانی کۆشکی سپی" لە ماوەی 30 رۆژدا دووبارە رێکبخرێتەوە و رێکارە ئەمنییەکانیش توندتر بکرێن. ئاشکراشی کرد، پێشتر خوشک و برایەکی هێرشبەرەکە پۆلیسیان لە رەفتارە گوماناوییەکانی ئاگادار کردووەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند؛ لێکۆڵەران لەسەر هەژمارەکانی گومانلێکراوەکە، کە ناوی "کۆڵ تۆماس ئالین"ە، نووسین و پۆستیان دۆزیوەتەوە وتاری دژ بە ترەمپ و مەسیحییەتی تێدایە، لەگەڵ بانگەشەی راشکاو بۆ بەئامانجگرتنی بەرپرسانی حکوومی.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، ئالین پێش هێرشەکە هەندێک لەو نووسینانەی بۆ ئەندامانی خێزانەکەی ناردووە، ئەوەش وای لە یەکێکیان کردووە پۆلیس ئاگادار بکاتەوە، هەرچەندە ئاماژەی بە شوێنی رووداوەکە نەدابوو. هەروەها دەرکەوتووە ئالین ئەندامی گرووپێک بووە بە ناوی "زە واید ئەوەیکس" و پێشتر لە ویلایەتی کالیفۆرنیا بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکدا کردووە بە ناوی "نۆ کینگز".