راپۆرتێکی ئەمریکی: هێرشەکانی ئێران زیانی ملیارەها دۆلارییان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە داوە
تۆڕی هەواڵی (NBC) لە راپۆرتێکی مەیدانیدا ئاشکرای کرد، هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بنکە و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زیانی بە ملیارەها دۆلاری لێکەوتووەتەوە.
شەش سەرچاوەی ئاگادار بە تۆڕە ئەمریکییەکەیان راگەیاندووە؛ هێرشەکان بوونەتە هۆی وێرانکارییەکی بەرفراوان لە چەندین وڵاتدا. زیانەکان بریتین لە تێکشکاندنی رێڕەوی فڕینی فڕۆکەکان، سیستەمە ڕادارییە پێشکەوتووەکان، دەیان فڕۆکە، کۆگای چەک و تەقەمەنی، بنکەکانی فەرماندەیی، و ژێرخانی پەیوەندییە مانگە دەستکردەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، تێچووی تەنیا چاککردنەوەی بنکەکان بە 5 ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەمەش بەبێ هەژمارکردنی تێچووی چاککردنەوە یان گۆڕینی فڕۆکە و سیستەمە راداری و بەرگرییەکان کە بە تەواوی لەکارکەوتوون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، چەندین بنکەی ستراتیژی لە ناوچەکە زیانیان بەرکەوتووە، لەوانە:
لە کوێت: بنکەکانی "کامپ بوهێرینگ" و "عەلی سالم"، لەگەڵ چەندین کۆگا و بەندەر.
لە ئیمارات: بنکەکانی "زەفرە" و "ڕوەیس".
لە سعوودیە: بنکەی ئاسمانی "شازادە سوڵتان".
لە ئوردن: بنکەی ئاسمانی "موفەق سەلتێ".
لە قەتەر: رێڕەوی فڕین لە بنکەی "عودەید".
لە عێراق: کۆگایەکی تەقەمەنی لە باکووری وڵات.
لە بەحرەین: باڵەخانەی سەرەکی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا (فەرماندەیی بەلەمی پێنجەم) کە تەنیا تێچووی چاککردنەوەی بنکەی فەرماندەییەکە 200 ملیۆن دۆلار دەبێت.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، لە ئەنجامی هێرشەکاندا، دەیان درۆن لە جۆری (MQ-9 Reaper)، فڕۆکەیەکی جەنگی، دوو فڕۆکەی سووتەمەنی گواستنەوە، چەندین کۆپتەر و فڕۆکەی سیخوڕی تێکشکاون، جگە لە زیان بەرکەوتنی لانی کەم دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی.
تۆڕی (NBC) ئاماژەی بەوە کردووە، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم راپۆرتە بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە، یاسادانەرانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی پێنتاگۆن زانیاری وردیان پێ نادات سەبارەت بە تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان.
پێنتاگۆن پێشتر لە مانگی ئازاردا رایگەیاندبوو؛ تەنیا شەش رۆژی یەکەمی جەنگەکە زیاتر لە 11.3 ملیار دۆلاری تێچووە، نیوەی ئەو بڕە تەنیا بۆ تەقەمەنی بووە لە دوو رۆژی یەکەمدا.