گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات نرخی نەوت ببێتە 90 دۆلار

بانکی "گۆڵدمان ساکس"ی ئەمریکی، ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، پێشبینییەکانی بۆ نرخی نەوت ئاشکرا کرد و رایگەیاند، پێشبینی دەکەین لە چارەکی چوارەمی ئەمساڵدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بێتەوە 90 دۆلار و نەوتی خاوی تێکساسی ئەمریکیش بێتەوە 83 دۆلار.

شیکەرەوەکانی بانکەکە بە سەرۆکایەتی دان سترۆیڤن، لە راپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، "مەترسییە ئابوورییەکان گەورەترن لەوەی پێشبینییە سەرەتاییەکانمان بۆ نەوتی خاو دەری دەخەن، ئەمەش بەهۆی ئەو مەترسییانەی پەیوەستن بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گرانبوونی نائاسایی بەرهەمەکانی نەوت، مەترسی کەمیی بەرهەمەکان."

بەپێی پێشبینییە نوێیەکان، گەڕانەوەی هەناردەی وڵاتانی کەنداو لە رێگەی گەرووی هورمزەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆی، دەکەوێتە کۆتایی مانگی حوزەیران، لە کاتێکدا پێشتر چاوەڕوان دەکرا لە ناوەڕاستی مانگی ئایاردا بێت، ئەمەش بەهۆی خاوبوونەوەی بووژانەوەی بەرهەمهێنان لە ناوچەی کەنداو.

بانکەکە خەمڵاندوویەتی کە زیانەکانی بەرهەمهێنانی نەوتی خاو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە 14.5 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، دەبێتە هۆی دابەزینی کۆگاکانی نەوتی جیهانی بە رێژەیەکی پێوانەیی کە لە نێوان 11 بۆ 12 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا دەبێت لە ماوەی ئەم مانگەدا.

هەروەها گۆڵدمان ساکس پێشبینی دەکات بازاڕی نەوتی جیهانی لە ساڵی 2025دا کە خاوەنی 1.8 ملیۆن بەرمیل زیادە بوو لە رۆژێکدا، لە چارەکی دووەمی ساڵی 2026دا بگۆڕێت و کورتهێنان رووبدات بە رێژەی 9.6 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

سەبارەت بە خواست لەسەر نەوت، بانکەکە پێشبینی دەکات خواستی جیهانی بە بڕی 1.7 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە چارەکی دووەمدا کەمبکاتەوە، هەروەها لە ساڵی 2026دا نزیکەی 100,000 بەرمیل لە رۆژێکدا بەراورد بە ساڵی پێشتر کەم ببێتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و بەرهەمەکانە.

بانکی "گۆڵدمان ساکس" یەکێکە لە گەورەترین بانکە وەبەرهێنەرەکانی ئەمریکا و جیهان، بازاڕە جیهانییەکان بە وردی چاودێری راپۆرتەکانی دەکەن، چونکە پێشبینییەکانی کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر مامەڵەکانی وزە، پشک و کاڵاکان هەیە.