وەزارەتی ناوخۆ بڕیارێکی بۆ کار ئاسانی و کەمکردنەوەی سزای دارایی بیانییەکان دەرکرد
وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6ـی ساڵی 2009) پێی دراوە، بڕیارێکی تایبەتی بۆ هاوکاریکردنی بیانییەکان دەرکرد کە بە فەرمی و لە رێگەی ڤیزەوە هاتوونەتە هەرێم و بە هەر هۆکارێک نەیانتوانیوە ڤیزەکانیان درێژ بکەنەوە یان نشینگەیان نییە و بەسەرچووە.
بڕیارەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
1- ئەو بیانیانەی دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە و نشینگەی نوێ دەربکەن یان کارتەکانیان نوێ بکەنەوە، پێویستە لە ماوەی (90) رۆژی کارکردندا سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە بکەن. لەم ماوەیەدا تەنیاسەدا 25ـی کۆی گشتیی سزاکانی دواکەوتنیان لێ وەردەگیرێت کە لە رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021دا دیاریکراوە.
2- ئەو بیانیانەی دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، بە هەمان شێوەی خاڵی یەکەم سوودمەند دەبن لە داشکاندنی سزاکان و مۆری دەرچوون لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی نشینگە وەردەگرن.
ئەم فەرمانە لە رۆژی دەرچوونیەوە جێبەجێ دەکرێت و بۆ ماوەی 90 رۆژ کارایە. دوای کۆتایی هاتنی ئەو وادەیەش، هەر جۆرە سەرپێچییەکی مانەوە بەپێی رێنمایی ژمارە 1ـی ساڵی 2021 مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و تەواوی سزاکانی لێ وەردەگیرێت.