دڵشاد تۆفیق گۆرانی حەلی نییەی بڵاوکردەوە

دڵشاد تۆفیق، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، نوێترین گۆرانی خۆی لەژێر ناوی "حەلی نییە"، بەشێوەی ڤێدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی نیسانی 2026، دڵشاد تۆفیق، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "ئەم گۆرانییە نوێیەم لە ئاواز و هۆنراوەی زیاد کەریمە،  میوزیکەکەشی لە رۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کراوە، کاری تۆمارکردنی دەنگ لە ستۆدیۆی هونەر لەلایەن تارق خانەقینی ئەنجامدراوە، وێنەگرتنی کلیپەکە بەدەستی بژار سەندە بووە و مۆنتاژ و دەرهێنانی بەرهەمەکەش لەلایەن وەلید خۆشناو بۆی کراوە."

دڵشاد تۆفیق گوتیشی، "ئەم گۆرانییە تەنیا بەرهەمێکی هونەری نییە، بەڵکو لەپشت وشە و ئاوازەکانی چیرۆکێکی کاریگەر هەیە. بنەڕەتی گۆرانییەکە لە چیرۆکی خۆشەویستییەکی پاک و بێگەرد  وەرگیراوە. کوڕێکی هەولێری بە رێکەوت لە شارێکی دیکە کچێک دەبینێت و دڵی پێوە دەبەستێت، بەڵام جیاوازیی پێگەی کۆمەڵایەتی نێوانیان رێگەی گەیشتنیان لێدەگرێت."

ئەو هونەرمەندە زیاتر باس لە چیڕۆکی گۆرانییەکەی دەکات و دەڵێت، "کچەکە هەست بە خۆشەویستیی کوڕەکە دەکات، بەڵام ناچێتە ناو ئەو پەیوەندییەوە و هەموو شتێک لە بازنەی خۆشەویستییەکی یەک‌ لایەنەدا دەمێنێتەوە. کوڕەکە دواتر دەگاتە ئەو باوەڕەی هەرچی هەوڵ بدات، دەرئەنجامەکەی بێ‌ هیواییە، بۆیە قسەی دڵی خۆی بۆ شاعیر دەکات و دەڵێت؛  ئەو لە مندا شوێنی هەیە، بەڵام من لە ئەودا شوێنم نیە."

دڵشاد تۆفیق ئاماژەی بەوەش دا، "چیرۆکەکە لەوێدا کۆتایی نایەت، چونکە کوڕەکە وەک زۆرێک لە گەنجانی ئەم وڵاتە، نیشتیمان بەجێدەهێڵێت و بەرەو تاراوگە دەڕوات. خەمی نیشتیمان و یادی مەیلی لەگەڵ خۆی بۆ غوربەتی سارد دەبات، لەکاتێکدا کچەکەش هاوسەرگیری دەکات و دواتر لە هاوسەرەکەی جیا دەبێتەوە."

دڵشاد تۆفیق، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەساڵی 1972 لە دۆڵی بالیسان لەدایک بووە. یەکەم بەرهەمی خۆی لەساڵی 2004 بڵاوکردۆتەوە. خاوەنی 32 کلیپ و بەرهەمی تۆمارکراوە و تا ئێستاش بەردەوامە لەکاری هونەری.