عەباس عێراقچی گەیشتە رووسیا

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران لە راوێژی چڕ و بەردەوامدایە لەگەڵ مۆسکۆ سەبارەت بە کۆمەڵێک پرسی فراوان، بەتایبەتی پرسە ناوچەییەکان؛ ئاشکراشی کرد کە پاکستان لەم قۆناخەدا رۆڵێکی گرنگ لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەگێڕێت.

دووشەممە 27ی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتی گەیشتنی بۆ شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا رایگەیاند، سەردانەکەی لە چوارچێوەی تەواوکردنی ئەو گەشتە هەرێمییەدایە کە هەریەکە لە پاکستان و عومانی گرتەوە، بە ئامانجی "پێداچوونەوە بە دوایین پێشهاتەکان و زیادکردنی هەماهەنگی لەگەڵ هاوڕێ رووسەکان"، ئاماژەی بەوەش کرد کە شەڕی دوایی بووەتە هۆی دواکەوتنی هەندێک لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکان.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن، عێراقچی گوتی: "ئیسلام ئاباد رۆڵێکی گرنگ لە نێوەندگیری نێوان ئێران و ئەمریکا دەگێڕێت." راشیگەیاند، گۆڕانکاری لە رێڕەوی دانوستانەکاندا روویداوە، بەڵام "رێبازی هەڵە و داواکاری زیادەی ئەمریکا" بووەتە هۆی ئەوەی خولی پێشووی دانوستانەکان ئامانجەکانیان نەپێکن، سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنی بەرچاو هەبووە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، لە سەردانەکەیدا بۆ پاکستان تاوتوێی رێگە گونجاوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان کردووە و راوێژەکانیان بەرهەمدار بوون. جەختیشی لەوە کردەوە کە "40 رۆژ لە بەرگریی قارەمانانەی گەلی ئێران، بەسە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکان و سەربەخۆیی و بەرژەوەندییەکانی وڵات."

لە لایەکی دیکەوە، عێراقچی ئاماژەی بە بایەخی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو کرد و رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ عومان بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی دراوسێیەتی بووە. گوتیشی: "تێپەڕبوونی ئارام بە گەرووی هورمزدا پرسێکی جیهانی گرنگە، ئێمە و عومان پێویستمان بە هەماهەنگی نزیکە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، چونکە هەر رێکارێک لەمبارەیەوە کاریگەریی راستی لەسەر بەرژەوەندیی هەردوو وڵات دەبێت."

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، عەباس عێراقچی لە چوارچێوەی گەشتە هەرێمییەکەیدا گەیشتە شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا و کۆشکی کرێملینیش رایگەیاند، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا ئەمڕۆ پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات.