قالیباف: شانازی دەکەم یەکێکم لەو 30 ملیۆن فیداکارەی بەرگریی لە ئێران دەکەن
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی نوێدا ستایشی خۆڕاگری و نیشتمانپەروەری گەلی وڵاتەکەی دەکات و رایدەگەیەنێت؛ دوژمنانی ئێران لە ئاست ئەم یەکگرتووییەدا تووشی نائومێدی بوون."
ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی جەماوەری و هێزی ناوخۆیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "شانازی دەکەم کە منیش یەکێکم لەو 30 ملیۆن مرۆڤە فیداکارەی ئامادەن بۆ پاراستنی نیشتمان گیانی خۆیان بەخت بکەن."
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە؛ "لەخۆبردەیی گەلی سەربەرزی ئێران، دوژمنانی نائومێد و سەرلێشێواو کردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، گەلی ئێران لە مێژوودا بە سەربەرزی دەمێننەوە و وڵاتەکەش هەمیشە پشتئەستوورە بەو رۆڵە ئازا و نیشتمانپەروەرانەی کە پارێزگاری لێ دەکەن.
ئەم پەیامەی قالیباف لە کاتێکدایە بەرپرسانی باڵای ئێران بەردەوام جەخت لەسەر هێزی جەماوەری وەک قەڵغانێکی سەرەکی بۆ ووبەڕووبوونەوەی فشارە دەرەکییەکان دەکەنەوە.