سوپای ئیسرائیل لەناوبردنی 50 پێگەی سەربازیی حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 50 پێگەی سەربازییان لە باشووری لوبنان لەناوبردووە.

ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند، هێزەکانی لیوای "جۆلانی" ئۆپەراسیۆنێکی مەیدانییان ئەنجامداوە و تێیدا ژمارەیەک ژێرخانی حزبوڵڵایان خاپوور کردووە، لەنێویشیاندا کۆمەڵگەیەکی ژێرزەمینی کە گومان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هێرش دژی هێزەکانی ئیسرائیل بەکارهێنرابێت.

گوتەبێژەکە گوتیشی: لە کاتی هەڵکوتانە سەر ناوچەی عەدشیت قەسیر، هێزەکانیان کۆگایەکی چەکیان لە ناو ژووری منداڵاندا دۆزیوەتەوە، کۆگاکە پێکهاتووە لە بۆمبی چێنراو، چەکی کڵاشینکۆف، نارنجۆک، RPG، تەقەمەنی و چەندین کەرەستەی دیکەی سەربازی.

سوپای ئیسرائیل حزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی ناوچە مەدەنییەکان بۆ کۆگاکردنی چەک و ئەنجامدانی چالاکییە سەربازییەکان بەکاردەهێنێت، ئەمەشی وەک "قۆستنەوەی هاووڵاتییانی مەدەنی" ناوزەد کرد.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەدرەعی گوتی: سوپا بەپێی رێنماییە سیاسییەکان بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە باشووری لوبنان بە مەبەستی لەناوبردنی هەڕەشەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لەسەر سنوور بەردەوامن.

ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە مەترسییەکانی تەشەنەسەندنی شەڕ زیاتر بوون، پێکدادانەکانی نێوان حزبوڵڵا و ئیسرائیل لە 2ـی ئادارەوە دەستی پێکردووەتەوە، دوای ئەوەی حزبوڵڵا وەک وەڵامێک بۆ کوژرانی عەلی خامنەیی لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 28ـی شوبات، زنجیرەیەک هێرشی مووشەکیی کردە سەر ئیسرائیل.