رۆیتەرز: دانوستانی ئێران و ئەمریکا بە بنبەست نەگەیشتووە

چەند سەرچاوەیەک لە حکوومەتی پاکستان بۆ ئاژانسی رۆیتەرزی ئاشکرا کردووە، دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئێران و ئەمریکا بە گۆڕینەوەی پەیام لە رێگەی نێوەندگیرەوە بەردەوامە.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026، لە زاری چەند سەرچاوەیەکی پاکستانی بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای دواین هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ ئێران، ئێستا هەردوو وڵات لە رێگەی نێوەنگیرەکانەوە لە دانوستانی ناڕاستەوخۆ بەردەوامن و پەیام  و پێشنیاز بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکانی نێوانیان ئاڵوگۆڕ دەکەن، بۆ ئەوەی نزیکبوونەوە و زەمینەیەکی لە بارە بۆ کۆبووەوە و رێککەوتن بڕەخسێنن.

ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ گەشتی شاندی ئەمریکای بۆ ئیسلامئاباد بەمەبەستی دانوستاندن لەگەڵ شاندی ئێران هەڵوەشاندەوە و رایگەیاندووە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران خوازیاری رێککەوتن بوو، دەتوانێت پەیوەندی بە واشنتنەوە بکات.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە بنەست نەگەیشتووە، بەڵکو ناڕاستەوخۆ بەردەوامە، تا ئەو کاتەی هەردوولا بە تەواوەتی لەسەر خاڵە ناکۆکەکان لەیەکنزیک نەبنەوە، هیچ پلانێک بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ دانانرێت.

لە چوارشەممەی رابردووەوە تا چەند رۆژێک دواتر حکوومەتی پاکستان هەموو ئامادەکارییەکی ئەمنی و دیپلۆماسی بۆ میوانداری گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێرانی رێکخست بوو، بەمەش بەشێکی زۆری شەقامە سەرەکی و شوێنە گشتییەکانی ئیسلامئاباد بە هێزی ئەمنی تەندرابوون، هەروەها هۆتێل سێرینای پایتەخت کە بۆ بەڕێوەچوونی دانوستانەکان چۆڵکرابوو، دوای نەگەڕانەوەی شاندەکانی دانوستان دیسانەوە دەرگای بۆ میوانداری گەشتیارانی ئاسایی کردەوە.

دوای 40 رۆژی جەنگ، ئەمریکا بە نێوەنگیری پاکستان لە 8ی ئەم مانگە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەرانبەر بە ئێران راگەیاند، بەڵام لە ناوەڕاستی هەفتەی رابردوو ماوەی ئاگربەستە کاتییەکە کۆتاییهات و ترەمپ جارێکی دیکە ماوەکەی درێژکردەوە بێ ئەوەی کاتێکی دیاریکراو دابنێت.