ناکۆکی ناوخۆ و ڤیتۆی ئەمریکا، عێراقی خستووەتە بۆشایی دەستووری
دوای کۆتایی هاتنی وادەی یاسایی 15 ڕۆژە، کە دەستوور بۆ سەرۆککۆماری دیاری کردبوو تا کاندیدێک بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران رابسپێرێت، عێراق بە فەرمی چووە ناو دۆخی بۆشایی دەستوورییەوە، ئەم بنبەستە سیاسییە دوای ئەوە دێت لایەنەکان نەیانتوانی لە کاتی دیاریکراودا لەسەر ناوێک رێکبکەون.
دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، دوای تەواوبوونی وادەی یاسایی کە لە رێگەی دەستوورەوە دیاریکراوە بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، لەمبارەیەوە چوارچێوەی هەماهەنگی کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانییە، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی کورسییەکانی لایە، بەڵام نەیتوانیوە بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی دیدگای باڵەکانی ناو چوارچێوەکە؛ بەشێکیان پێداگری لەسەر کاندیدکردنی سەرکردەکانی هێڵی یەکەم وەک نووری مالیکی دەکەن بۆ ئەوەی حکوومەتێکی خاوەن قورسایی سیاسی پێکبهێنن، لە بەرانبەردا باڵێکی دیکە ترسیان لە کاردانەوەی نێودەوڵەتی و ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان هەیە و داوای کاندیدێکی "سازان" دەکەن.
ڤیتۆی ترەمپ و ترسی ئابووری:
هۆکاری دەرەکی، بەتایبەت هەڵوێستی توندی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گەورەترین بەربەستە لەبەردەم نووری مالیکی، ترەمپ دژایەتی خۆی بۆ کاندیدکردنی مالیکی دەربڕیوە، ئەمەش لایەنە شیعەکانی تووشی دابەشبوون کردووە.
گرنگی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا لەوەدایە کە واشنتن لە رێگەی "بانکی فیدراڵی"یەوە کۆنترۆڵی تەواوی داهاتی نەوتی عێراق و گواستنەوەی دۆلار دەکات، هەر سەرۆکوەزیرانێک کە بکەوێتە بەر ڤیتۆی ئەمریکا، رەنگە عێراق رووبەڕووی گەمارۆی دارایی و ئاستەنگی گەورە لە دابینکردنی بودجە بکاتەوە، جگە لە مەترسی پاشەکشەی هاوکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکان.
لە ئێستادا چەند ناوێک بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکە لە ئارادان لەوانە:
● باسم بەدری: وەک کاندیدێکی سازان کە مالیکی پاڵپشتی دەکات دوای ئەوەی چانسی خۆی کەمبووەوە.
● محەمەد شیاع سوودانی: سەرۆکوەزیرانی ئێستا کە هێشتا وەک بژاردەیەکی بەهێز بۆ خولی دووەم ناوی دەهێنرێت.
● حەیدەر عەبادی، قاسم ئەعرەجی و محەمەد ساحیب دەڕاجی: وەک کاندیدی ساتەوەختی کۆتایی دەبینرێن کە رەنگە لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا قبوڵکراو بن.
ئەم دۆخەی ئێستای عێراق تێپەڕاندنی دەقە دەستوورییەکانە و گواستنەوەی بڕیاردانە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ نهێنییەکان.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، دۆخی ناوچەکە و جیهان بەرگەی بۆشاییەکی درێژخایەنی سیاسی وەک ئەوەی ساڵی 2021 ناگرێت، عێراقیش پێویستی بە حکوومەتێکی خاوەن دەسەڵاتی تەواو هەیە کە نەکەوێتە جەنگێکی راستەوخۆ لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکادا.