قەرەیلان: تاوەکو ئۆجەلان لە زیندانبێت پرۆسەی ئاشتی سەرکەوتوونابێت
موراد قەرەیڵان، ئەندامی سەرکردایەتی پەکەکە جەخت دەکاتەوە کە بەبێ ئازادبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و ناساندنی یاسایی گەلی کورد، هیچ پرۆسەیەک سەرناگرێت.
موراد قەرەیڵان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رایگەیاند "پێویستە وەکو چۆن بە زارەکی بوونی گەلی کورد قبووڵکراوە، بە نووسراویش بچێتە ناو یاسای بنەڕەتیی کۆمارەوە، لە ئێستادا لە یاسای تورکیادا کورد بوونی نییە، ئەگەر بەراستی بەدوای ئاشتیدا دەگەڕێن، دەبێت بوونی کورد یاسایی ببێت."
سەبارەت بە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، قەرەیڵان ئاماژەی بەوە کرد کە هەر هەوڵدانێک دەبێت ئەنجامی هەبێت، بەڵام جەختی کردەوە "تاوەکو ئۆجەلان لە زینداندا بێت، ئەم پرۆسەیە بەڕێوەناچێت، پێویستە ئەو خۆی سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات و بۆ ئەمەش پێویستە ئازاد بکرێت."
قەرەیڵان لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر پرسی چەکدانانی پەکەکە و گوتی"بڕیاری کۆنگرەی 12یەمی پەکەکە ئەوە نییە کە چەک دادەنێین، بەڵکو گوتمان ستراتیژی تێکۆشانی چەکداری رادەگرین، بۆ پرسی چەکدانان، پێویستە ئۆجەلان خۆی پرۆسەکە بەڕێوەبەرێت یاخود ئازاد بێت."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پەکەکە رەخنەی لە هەڵوێستی حکوومەتی تورکیا گرت و رایگەیاند " نابێت تەنیا بڵێن با پەکەکە چەک دابنێت و بەسەر هەموو شتێکدا باز بدەن. ئەمە کارێکی ئاسایی نییە، بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوان گەلی کورد و دەوڵەتی تورکدا دروست ببێت و برایەتیی گەلان پەرە بستێنێت، لە پێش هەموو شتێکەوە پێویستە ئۆجەلان ئازاد ببێت."
لە کۆتایی قسەکانیدا موراد قەرەیڵان دووپاتی کردەوە کە گۆڕانکارییان لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی چارەسەریدا کردووە و داوای کرد هەموو هەوڵەکان بۆ چوارچێوەیەکی یاسایی بێت کە مافەکانی گەلی کورد تێیدا پارێزراو بێت.
هاوکات دوێنێ پێنجشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2026، گوڵستان کڵچ کۆچیغیت سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە رایگەیاند "تورکیا لە قۆناغێکی زۆر هەستیاردایە و پڕۆسەی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی هەیە."
گوڵستان کڵچ جەختی کردەوە کە پەرلەمان ناوەندی سەرەکیی چارەسەرییە و گوتی "پێش ئەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی یاسایی، دەبێت ئەو یاسایەی کە بە 'یاسای چوارچێوە' یان وەک ئۆجەلان ناوی بردووە 'یاسای خانە بنەڕەتییەکان'، پێشکەشی پەرلەمان بکرێت و بەپەلە پەسند بکرێت، تاوەکو پڕۆسەکە گەرەنتییەکی یاسایی هەبێت."
رۆژی دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە راگەیەنراوێکدا ئەنجامی 12ـەمین کۆنگرەی بڵاو کردەوە، لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی هەمان مانگ بەستبوویان، لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنگرەدا، پەکەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەیکەری رێکخراوەیی و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
جارێکی دیکە و لە ڕۆژی چوارشەممە 9ـی تەممووزی 2025، پەیامێکی دیکەی ڤیدیۆیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە بڵاو کرایەوە و دووجار وەک قۆناغێکی دیکەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، پارتی کرێکارانی کوردستان لە چوارچێوەی رێوڕەسمێکدا لە بەردەم ئەشکەوتی جاسەنە، لە سنووری سوورداشی پارێزگای سلێمانی بە بەشداری 30 چەکدار دوای خوێندنەوەی پەیامی چەکدانانیان، 30 پارچە چەکیان سووتاند.
هەینی 21ـی تشرینی دووەمی 2025، پەرلەمانی تورکیا بە دەنگی سێ لەسەر پێنجی کۆی ئەندامانی کۆمیسیۆنی هاودەنگی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی بڕیاریدا سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکەن لە دوورگەی ئیمراڵی.
لە کۆمیسیۆنەکەدا 32دەنگی بەڵێ، 3 دەنگی بێلایەن و 2 دەنگی نەخێر هەبوون.