داوا دەکرێت ئەو خەڵاتەی پێشکەشی ترەمپ کراوە هەڵبوەشێندرێتەوە
فێدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج داوا دەکات، رێوڕەسمی خەڵاتی ئاشتی فیفا هەڵبوەشێندرێتەوە، ئامانجیشیان ئەوەیە وەرزش و سیاسەت تێکەڵ بە یەکتری نەبن.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە لیسا کلاڤێنس سەرۆکی فێدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج داوای کردووە، پێویستە فیفا خەڵاتی ئاشتی هەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێگریکردن لە تێوەگلانی فێدراسیۆنەکە لە ناو کێشە سیاسییەکاندا. ناوبراو پێشنیاری کردووە کە بەخشینی ئەمجۆرە خەڵاتانە بۆ دامەزراوە سەربەخۆکانی وەک پەیمانگای نۆبڵ بەجێبهێڵدرێت.
فێدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بە سەرۆکایەتی جانی ئینفانتینۆ، دوای بەخشینی یەکەم خەڵات بە دۆناڵد ترامپ لە کانوونی یەکەمی ڕابردوودا و هاوکات لەگەڵ مەراسیمی تیروپشکی مۆندیالی 2026، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوانی ڕەخنە بووەوە. زۆرێک ئەم خەڵاتەیان وەک جۆرێک لە 'دڵدانەوە' بۆ ترامپ لەقەڵەمدا، بەهۆی ئەوەی پێشتر ترەمپ چەندینجار بانگەشەی ئەوەی کردبوو شایستەی وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتییە.
کلاڤێنس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت '' ئێمە لە فیدراسیۆنی تۆپی پێی نەرویج داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەم خەڵاتە دەکەین. پێمانوایە بەخشینی خەڵاتێکی لەم شێوەیە لە چوارچێوەی ئەرکەکانی فیفادا نییە و دامەزراوەکانی وەک پەیمانگای نۆبڵ بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەم کارە دەکەن. گرنگە کە فیدراسیۆنەکان و فیفا لە هەر بارودۆخێک دوور بکەونەوە کە سەربەخۆیی ئەوان لە بەرانبەر سەرکردە سیاسییەکان بخاتە ژێر پرسیارەوە ''.