مارکۆ روبیۆ: ئەمریکا رێگە نادات ئێران لە گەرووی هورمز باج لە کەشتییەکان وەربگرێت

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاڕاستەی تاران کرد و رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئێران "واقیعێکی نوێ" لە گەرووی هورمز بسەپێنێت; جەختیشی کردەوە گەورەترین بەربەست لە بەردەم هەر رێککەوتنێک، دابەشبوونی ناوخۆیی سەرکردەکانی ئێرانە، ئەمەش وای کردووە ئیدارەی ترەمپ هەڵوێستێکی توندتر بگرێتە بەر.

دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیووز" رایگەیاند، واشنتن مامەڵە لەگەڵ هیچ هەوڵێکی ئێران ناکات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی نایاسایی بەسەر هاتوچۆی دەریاییدا؛ گوتیشی: "ئێمە بەرگەی ناگرین ئێران هەوڵی ئەوە بدات سیستەمێک ئاسایی بکاتەوە کە تێیدا خۆیان بڕیار بدەن کێ رێگەی پێ بدرێت گەرووی هورمز بەکاربهێنێت و دەبێت چەند پارەشیان پێ بدات؛ ئەوە رێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و موڵکی ئەوان نییە."

روبیۆ سەرنجی خستە سەر کێشە ناوخۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و باسی لەوە کرد، "لە نێو سیستەمی ئێراندا گرژییەکی بەردەوام هەیە، بەڵام تێدەگەن کە دەبێت هاوسەنگییەک هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی وڵات، و لە نێوان ئەو توندڕەوانەی کە هیچیان بۆ گرنگ نییە و تەنیا دیدگایەکی وێرانکەریان بۆ داهاتوو هەیە. بەداخەوە ئێستا باڵی دووەم دەسەڵاتی رەهایان هەیە." ئەو جەختی کردەوە کە ئەم دابەشبوونە بووەتە بەربەستێکی گەورە لەبەردەم دانوستانەکان.

لەبارەی پێشنیازە نوێیەکەی ئێران کە لە رێگەی پاکستانەوە پێشکەش کراوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆکان و دواخستنی مەلەفی ئەتۆمی، روبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ئێرانییەکان دەیانەوێت مەرجی خۆیان بسەپێنن

روبیۆ ئاشکرای کرد، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ تیمی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە "ژووری ئۆپراسیۆنەکان" (Situation Room) کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگەکەدا؛ گوتیشی: ترەمپ گەشبینە کە جەنگەکە بە سەرکەوتنی ئەمریکا کۆتایی دێت، بەڵام جەختی کردەوە کە "هێڵی سووری ئەمریکا رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی."

لە کۆتاییدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست سەرکردایەتی ئێران "زیرەکی و عەقڵانییەت" نیشان بدەن پێش ئەوەی فشارەکان بگەنە ئاستێک کە چیتر ڕێگەی پاشەکشەیان نەمێنێت.