هەولێر و دهۆک براوە بوون، نەورۆز و زاخۆ یەکسان

خولی ئەستێرەکانی عێراق
خولی ئەستێرەکانی عێراق

هەر چوار یانە کوردستانیەکەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، ئەمڕۆ 27ـی نیسانی 2026 لە گەڕی 31ـی خولەکە رووبەڕووی رکابەرەکانیان بونەوە، هەولێر توانی لە تەڵەبە بباتەوە و دهۆکیش لە نەجەفی بردەوە، هەروەها نەورۆز و قوەجەویە، نەفت و زاخۆش یەکسانبوون.

یانەی هەولێر دوای یەکسانبونەکەی گەڕی رابردووی بەرامبەر قوەجەویە، ئەمجارەیان هەر لە بەغدا و لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بووە میوانی یانەی تەڵەبە، لە کۆتاییدا یانەکەی هەولێر توانی ئەو یارییە بە ئەنجامی 3-2 لە خاوەن یاریگا بباتەوە و پێگەی خۆی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق قایمتر بکات.

هەولێر بەم بردنەوەیە کۆی خاڵەکانی لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەیاندە 63 خاڵ، بە جیاوازی تەنها یەکخاڵ لەگەڵ دووەمی ریزبەندی و بە جیاوازی هەشت خاڵ لەگەڵ پێشەنگی خولەکە. خاوەن چوار ناسناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق گەڕی داهاتوو لە یاریگای خۆی میوانداری یانەی کەرخ دەکات.

لە یارییەکی دیکەی ئەم گەڕەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یانەی دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی یانەی نەجەف و لە کۆتاییدا ئەلهویێن چیا توانیان، یارییەکە بە ئەنجامی 2-1 لە خاوەن یاریگا ببەنەوە. دهۆک دوار چوار یاری یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا و لە پلەی دەیەمی ریزبەندیش بووە خاوەنی 41 خاڵ.

یانەی نەورۆزیش لە یاریگای خۆی لە شاری سلێمانی میوانداری یانەی قوەجەویە پێشەنگی خولەکە کرد، ئەو یارییە بە ئەنجامی 1-1 لە نێوان هەردوو یانە کۆتایی هات و یانەکەی هەرێمی کوردستان لە پلەی نۆیەمی ریزبەندی خولەکە بووە خاوەنی 44 خاڵ.

لە کۆتا یاری یانەی زاخۆ ئەوانیش لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بونە میوانی یانەی نەفت، ئەو یارییەش بە ئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، لەو یارییە 3 یاریزانی یانەی زاخۆ بە کارتی سوور لە یارییەکە دەکران.