ئیسماعیل بەقایی هێرش دەکاتە سەر لێدوانەکانی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی هێرشی کردە سەر لێدوانەکانی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا سەبارەت بە بەردەوامیی سزاکان و ئەو هەڵوێستەی بە "نامرۆیی" و "دووڕووانە" وەسف کرد.
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەیی ئێران لە کاردانەوەیەکدا بەرانبەر بە قسەکانی سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا کە گوتبووی "هێشتا زووە باس لە لادانی سزاکانی سەر ئێران بکرێت"، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: سزا نامرۆییەکانی یەکێتی ئەوروپا دژی ئێران هەرگیز پەیوەندییان بە مافی مرۆڤەوە نەبووە؛ بەڵکو ئەم سزایانە لە بنەڕەتەوە بۆ پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ئێرانییەکان داڕێژراون.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم جۆرە هەڵوێستە نمایشکارییانە، هیچ متمانەیەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوروپا دروست ناکەن، بەڵکوو تەنیا ڕەفتاری دووڕووانە و پێوەرە دووفاقییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەوروپا زیاتر دەردەخەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، ئۆرسۆلا ڤۆن دێرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا، هەڵوێستی توندی یەکێتییەکەی بەرانبەر بە تاران دووپاتکردەوە و رایگەیاند، هێشتا زۆر پێشوەختەیە بۆ ئەوەی باس لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران بکرێت.
ڤۆن دێر لاین جەختی کردەوە، کە پێویستە پێش هەڵگرتنی هەر سزایەک، "گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی" لە ناوخۆی ئێراندا بەدی بکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم سزایانە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە پرسی سەرکوتکردنی مافەکانی مرۆڤەوە هەیە، بەتایبەتیش پێشێلکردنی مافەکانی ئافرەتانە لەو وڵاتەدا.