جووتیارانی عێراق هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن

جووتیارانی عێراق: تریلیۆنێک دینارمان لای حکوومەتە و سووتەمەنیشمان نییە

ئەرشیف
ئەرشیف

ئەحمەد سوادی، ئەندامی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی ناوخۆیی کۆمەڵە جووتیارانی عێراق، رایگەیاند؛ پرۆسەی دروێنەی گەنم لە چەند ناوچەیەکی وڵات، بەتایبەت لە ناوچە بیابانییەکان دەستیپێکردووە.

ئەحمەد سوادی ئاماژەی بەوە کرد، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکانی بەردەم پرۆسەی دروێنە ئێستا، کەمیی سووتەمەنییە بۆ دەڕاسەکان. راشیگەیاند؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە وەزارەتی نەوت تا ئێستا بڕی پێویستی سووتەمەنییان بۆ خاوەن دەڕاسەکان دابین نەکردووە، ئەمەشی بە "شکستێکی گەورە"ی فەرمانگەی بەرهەمە نەوتییەکان وەسف کرد.

سەبارەت بە دۆخی دارایی جووتیاران، ئەحمەد سوادی ئاشکرای کرد، شایستە داراییەکانی ساڵی رابردووی جووتیاران، بڕەکەی بە زیاتر لە تریلیۆنێک دینار دەخەمڵێندرێت، تا ئێستا خەرج نەکراوە، ئەوەش پەستانێکی ئابووریی زۆری خستووەتە سەر جووتیاران.

لە لایەکی دیکەوە، ئەحمەد سوادی روونی کردەوە، رووبەری کشتوکاڵیی ناو پلانی فەرمی نزیکەی سەدا 38ـی کۆی 6 ملیۆن دۆنم زەوییە کە بۆ کشتوکاڵ دەشێن، ئاماژەی بەوەش کرد، رووبەرێکی فراوانی دیکە لە دەرەوەی پلانی فەرمی کشتوکاڵیی چێنراون.

لە کۆتاییدا، ئەندامەکەی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی کۆمەڵە جووتیاران هۆشداریی دا، ئەگەر دواکەوتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکان و کێشەی سووتەمەنی و پاڵپشتی کشتوکاڵی چارەسەر نەکرێت، جووتیاران پەنا بۆ خۆپیشاندان و مانگرتن دەبەن.