ئەمریکا پێیوایە ئێران بە نیازپاکی مامەڵە ناکات
بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لەو پێشنیازە رازی نییە کە ئێران پێشکەشی کردووە، چونکە باسی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران نەکردووە. بەپێی ئاژانسی "ڕۆیتەرز"، ترەمپ لەگەڵ راوێژکارانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی تاوتوێی پێشنیازەکەی کردووە و "حەزی بەو پێشنیازە نەکردووە".
سەرچاوە ئێرانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، پێشنیازەکەی تاران بریتییە لە دواخستنی گفتوگۆکان دەربارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تا ئەو کاتەی جەنگ کۆتایی دێت و ململانێکانی پەیوەست بە دەریاوانی لە ناوچەکەدا چارەسەر دەبن. لە بەرامبەردا، واشنتن جەخت دەکاتەوە، دەبێت چارەسەرکردنی کێشە ئەتۆمییەکان هەر لە سەرەتاوە بێت.
سەبارەت بە هەوڵەکانی ناوبژیوانی، سەرچاوەکان لە پاکستانەوە رایانگەیاندووە؛ هەوڵەکان بۆ لێکگەیاندنی هەردوولا بەردەوامە، بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ سەردانی جارید کۆشنەر و نێردەی تایبەتی خۆی بۆ ئیسلام ئاباد هەڵوەشاندەوە، ئومێدەکانی ئاشتی کەمبوونەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ترەمپ و تیمەکەی گومانیان لە پێشنیازەکەی ئێران هەیە و پێیان وایە تاران "بە نیازپاکی" مامەڵە ناکات. کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، پشتڕاستی کردەوە، پێشنیازەکە لەژێر گفتوگۆدایە و ترەمپ لەو بارەیەوە لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆبووەتەوە.
مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند؛ هەڵوێستی ئێران سەبارەت بە گەرووی هورمز داواکارییەکانی ئەمریکا جێبەجێ ناکات. ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" جەختی کردەوە، ئاستی سزا و فشارەکان بۆ سەر ئێران ناوازەیە و ئەگەری زیادکردنیان هەیە. ڕۆبیۆ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێران ئێستا لە دۆخێکی لاوازدایە و نیوەی مووشەکەکانی و کەشتیگەلی دەریایی و کارگەکانی لەدەستداوە، هەروەها گوتیشی: "گۆڕینی دەسەڵات دەبێت لە ناوخۆی ئێرانەوە بێت".
رۆژی یەکشەممە، 26ـی نیسانی 2026، ماڵپەڕی "ئاکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکی و دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی نێوەندگیری وڵاتی پاکستانەوە، پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کردووە. ئامانجی پێشنیازەکە کۆتاییهێنانە بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێشنیازەکەی ئێران بریتییە لە دواخستنی دانوستانە ئەتۆمییەکان بۆ قۆناخێکی دیکە، لە بەرامبەردا دەبێت سەرەتا گەرووی هورمز بکرێتەوە و ئەمریکاش گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت.
دوێنێ دووشەممە، 27ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە "ژووری ئۆپەراسیۆنەکان" (Situation Room) کۆبوونەوەیەکی تایبەت لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئەنجام دا و تەوەرەی سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتیبوو لە تاوتوێکردنی چەقبەستوویی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران و دیاریکردنی هەنگاوەکانی داهاتوو لە جەنگەکەدا.