عەباس عێراقچی: پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ لە گەشەکردندایە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بە بەردەوامی و قووڵی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا کرد و رایگەیاند؛ لەم کاتە هەستیارەدا کە ناوچەکە بە گۆڕانکارییەکی گەورەدا تێدەپەڕێت، خۆشحاڵە بە گفتوگۆ و هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا لە بەرزترین ئاستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی جەختی کردەوە، رووداوەکانی ئەم دواییە سەلمێنەری قووڵی و بەهێزیی هاوبەشییە ستراتیژییەکانی نێوان تاران و مۆسکۆن. ئاماژەی بەوەش دا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان بەردەوامە لە گەشەکردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران سوپاسی هاوسۆزییەکانی رووسیای کرد و رایگەیاند؛ وڵاتەکەی پێشوازی لە پشتیوانییەکانی مۆسکۆ بۆ هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات.
رۆژی دووشەممە 27ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی گەیشتە شاری سانت پترسبۆرگی رووسیا، کە چوارەم وێستگەی گەشتە دیپلۆماسییە خێراکانی بوو دوای سەردانی وڵاتانی عومان و پاکستان. عێراقچی لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سیاسەتەکانی ئەمریکا بوونە هۆی ئەوەی گەڕی پێشووی دانوستانەکان لەگەڵ ئەوەی پێشکەوتنی هەبوو، نەگاتە ئامانجەکانی، ئەمەش بەهۆی داواکارییە زیادە و ناعەقڵانییەکانی ئەوانەوە بوو."