دوای گەیشتنی خزمەتگوزارییەکان؛ نرخی زەوی لە 8ـی حەسارۆک بەرز دەبێتەوە
دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و گەیشتنی خزمەتگوزارییەکان بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک لە شاری هەولێر، ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە دەستی پێکردووە و رۆژانە مۆڵەتی دروستکردنی دەیان خانوو دەدرێت و نرخی زەویش بەرز بووەتەوە.
دوای سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ گەڕەکی هەشتی حەسارۆک، جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لەو گەڕەکە بەردەوامە و هەنگاو بە هەنگاو ئاوەدان دەکرێتەوە و جووڵەیەکی زۆری بیناسازی تێیدا دروست بووە.
بەپێی دوایین پێشهاتەکان، بڕیارە پڕۆژەی دانانی وێستگەیەکی گواستنەوەی کارەبای 132 کەی ڤی لە گەڕەکەکە جێبەجێ بکرێت. لە پاڵ ئەوەشدا پڕۆژەی راکێشانی ئاو گەیشتووەتە ناوچەکە و شەقامی 60 مەتری تەواو کراوە و سەرجەم ستوونەکانی کارەبا بۆ کۆڵانەکان دانراون.
دانیشتووانی گەڕەکەکە و ئەو هاووڵاتییانەی خەریکی دروستکردنی خانوون، خۆشحاڵی خۆیان بۆ گەیشتنی خزمەتگوزارییەکان دەردەبڕن.
یەکێک لە هاووڵاتییەکان ئاماژەی بەوە دا، پێشتر گەڕەکەکە چۆڵ بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی گەیشتنی ئاو و کارەبا ژیان تێیدا دەستی پێکردووەتەوە و رۆژانە خەڵکێکی زۆر دەست بە دروستکردنی خانوو دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە موختاری گەڕەکی هەشتی حەسارۆک رایگەیاند، دوای بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بەتایبەت بۆ راکێشانی کارەبا، دۆخی گەڕەکەکە زۆر باشتر بووە و هاووڵاتییان دڵخۆشن بەو پێشکەوتنانە.
گەیشتنی ئەم خزمەتگوزارییانە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕی خانووبەرەش هەبووە. بە گوتەی خاوەن نووسینگەیەکی خانووبەرە لە ناوچەکە، نرخی زەوی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و رۆژانە لە نێوان 15 بۆ 20 رێگەپێدان بە هاووڵاتییان دەدرێت بۆ ئەوەی دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن. سەبارەت بە نرخەکانیش زەوییەکان بەپێی شوێنەکانیان جیاوازن، بۆ نموونە زەوییەکی 125 مەتری نرخەکەی لە 30 هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات.
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنە بەرچاوانە لە گەیاندنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان، دانیشتووانی هەشتی حەسارۆک داواکارن حکوومەت هەنگاوی خێرا بنێت بۆ قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی گەڕەکەکە، بۆ ئەوەی ئاسانکاری لە هاتوچۆدا بکرێت.