رووسیا: بە هەموو هێزێکمانەوە پشتیوانی لە سەروەریی خاکی ئێران دەکەین
ئەندرێ بێلۆسۆڤ، وەزیری بەرگری رووسیا، ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی نیسانی 2026، رایگەیاند، وڵاتەکەی بە هەموو هێزێکییەوە پشتیوانی لە سەروەریی کۆماری ئیسلامی ئێران و یەکپارچەیی خاکەکەی دەکات.
ئەم هەڵوێستەی بێلۆسۆڤ لە میانی کۆبوونەوەیەکدا هات لەگەڵ عەمید رەزا تەڵایی، جێگری وەزیری بەرگری ئێران بۆ کاروباری پەرەپێدانی کارگێڕی و پلاندانانی ستراتیژی، کە لە قیرغیزستان بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری بەرگری رووسیا بە توندی سەرکۆنەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر خاکی ئێران کرد.
بێلۆسۆڤ هاوخەمی و سەرەخۆشی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ کوژرانی رێبەری باڵای ئێران عەلی خامنەیی و فەرماندە سەربازی و هاووڵاتییە مەدەنییەکان، بەتایبەتی ئەو منداڵ و خوێندکارانەی کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکاندا بوونە قوربانی.
وەزیری بەرگری رووسیا ستایشی بوێری و ئازایەتی گەلی ئێران و هێزە چەکدارەکانی کرد و دووپاتی کردەوە کە مۆسکۆ لە پشتگیرییەکانی بۆ تاران بەردەوام دەبێت، هەروەها هەردوولا ئاسۆکانی هاوکاریی داهاتووی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.
عەمید ڕەزا تەڵایی دوێنێ دووشەممە، بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاوکاریی شەنگەهای گەیشتە قیرغیزستان. بڕیارە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ سێشەممە و سبەی چوارشەممەش بەردەوام بێت، بە ئامانجی هەماهەنگی هەڵوێستەکان بەرامبەر تەحەددییە ئەمنییەکانی ناوچەکە