ترەمپ: ئێران داوای کردنەوەی گەرووی هورمز دەکات
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، کە حکوومەتی تاران واشنتنی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی وڵاتەکە گەیشتووەتە ئاستی "داڕمانی تەواوەتی". ترەمپ دەڵێت ئێرانییەکان داوایان کردووە بە زووترین کات گەرووی هورمز بکرێتەوە تاوەکوو بتوانن لە ناوخۆدا پرسی سەرکردایەتی وڵاتەکەیان یەکلایی بکەنەوە.
سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس" نووسیویەتی: "ئێران کەمێک پێش ئێستا ئاگاداری کردینەوە کە لە دۆخێکی 'داڕمان'دان ." ئەمەش لە دوای چەندین هەفتە دێت لە گەمارۆیەکی توندی دەریایی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە ژێرخانی ئابووری و سەربازیی ئەو وڵاتەیان پەکخستووە.
بەپێی گوتەکانی ترەمپ، بەرپرسانی ئێران داوایان کردووە واشنتن "بە زووترین کات گەرووی هورمز بکاتەوە"، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا گەیشتووەتە ئامانجەکەی و تارانی ناچار کردووە داوای هاوکاری بکات بۆ رزگاربوون لە خنکانی ئابووری.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەم داواکارییەی ئێران لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە هەوڵ دەدات کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوخۆی لەبارەی پرسی "سەرکردایەتی" چارەسەر بکات. سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی خۆی نیشاندا کە تاران بتوانێت ئەو پرسە یەکلایی بکاتەوە و گوتی: "من بڕوام وایە کە ئەوان دەتوانن ئەوە بکەن."