مێلۆنی: کۆنترۆڵکردنی نرخی وزە و رووبەڕووبوونەوەی هەڵئاوسان ئەولەویەتی ئێستای ئیتاڵیایە

سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، لەبەر لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، ئەولەویەتی ئێستای حکوومەتەکەی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی وزە و رێگریکردنە لەو هەڵئاوسانەی کە مەترسیی کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی وڵاتەکەیان لەسەرە. مێلۆنی جەختی کردەوە، سەرەڕای گرنگیی کەرتی بەرگری، بەڵام ئێستا دەبێت پاراستنی بژێوی خەڵک لە پێشینە بێت.

سێشەممە 28ـی نیسانی 2026، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا رێکارەکانی حکوومەت بۆ دابەزاندنی نرخەکان دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بودجەی سەربازی، گوتی: "بەبێ ئەوەی لە بەرپرسیارێتییەکانم لە بواری بەرگری پاشەکشە بکەم، دەبێت ئێستا ئەولەویەت بدەم بەوەی لەسەر ئاستی ئابووری روودەدات، هەرچەندە خەرجییەکانی بەرگریش وەک ئەولەویەتێکی رەها دەمێننەوە."

مێلۆنی روونیکردەوە کە جیهان لە نێو جەرگەی قەیرانێکی نێودەوڵەتیی گەورەدایە و گوتی: "لە ململانێیەکی وەهادا، پرسی هێشتنەوەی نرخەکان و کەرتی وزە لە ژێر کۆنترۆڵدا، و رێگریکردن لەو هەڵئاوسانەی کە بە روونی گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) تێکدەشکێنێت، دەبێت وەک هەنگاوێکی گرنگ بەرەو پێشەوە سەیر بکرێت."

ئەم لێدوانانەی مێلۆنی لە کاتێکدا دێن کە بەهۆی جەنگی ئێران و تێکچوونی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز، نرخەکانی سووتەمەنی و کارەبا لە ئەوروپا بەرزبوونەوەی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە، ئەمەش بووەتە بارگرانییەکی گەورە بۆ سەر ئابووریی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا و حکومەتەکان ناچارن لە نێوان خەرجیی جەنگ و پشتگیریی ئابووریی هاووڵاتییانیاندا هاوسەنگییەک بدۆزنەوە.