پێشەوا هەورامانی: حکوومەت کارئاسانی بۆ راییکردنی کارەکانی وەبەرهێنەران دەکات
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم رایگەیاند: کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ وەبەرهێنەران، جەختی لەوە کردووەتەوە کە حکوومەت بە هەموو شێوەیەک کارئاسانی بۆ راییکردنی کارەکانیان و چارەکردنی کێشەکانیان دەکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ، 28ـی نیسانی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە وەبەرهێنەرانی هەرێم کۆبووەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکوەزیران سوپاسی رۆڵ و کاریگەریی وەبەرهێنەرانی کرد لە پەرەپێدانی پڕۆژە جیاوازەکان و رایگەیاند: "پێم خۆشە لە نزیکەوە گوێبیستی پێشنیار و سەرنجەکانتان بم، چونکە رای ئێوە بۆ چۆنییەتی گەشەپێدانی کوردستان لای ئێمە بایەخی تایبەتی هەیە."
گوتەبێژی حکوومەت ئەوەشی خستە روو، کە وەبەرهێنەران و سەرمایەداران، وێڕای دەستخۆشی لە بەردەوامیی کاروانی ئاوەدانی، ستایشی پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمیان کرد، بە تایبەت پرۆژەکانی؛ رووناکی، هەژماری من، رێگاوبان، کشتوکاڵ و پاراستنی سامانی ئاو.
پێشەوا هەورامانی جەختی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا روونکردنەوەی گرنگ و باش بۆ وەبەرهێنەران درا ، حکوومەت بەڵێنی کارئاسانی بۆ راییکردنی کارەکانیان و چارەکردنی کێشەکانیان دا.
بە گوتەی هەورامانی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرجەم پێشنیار و سەرنجەکانی سەرمایەدارەکان تۆمارکران و خاڵ بە خاڵ کاریان لەسەر دەکرێت.