میدیاکان: جەیمس کۆمی بەهۆی پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دژی ترەمپ دەستگیر دەکرێت

جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)،
جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)،

جارێکی دیکە جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی (FBI)، رووبەڕووی تۆمەتی فەرمیی فیدراڵی بووەوە. ئەمجارەیان تۆمەتەکە پەیوەندی بە پۆستێکی ساڵی رابردوویەوە هەیە لە ئینستاگرام، کە تێیدا کۆدی "86 47"ی بەکارهێناوە، کە وەک هێمایەک بۆ "کوشتن" یان دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ، 47ـەمین سەرۆکی ئەمریکا لێکدراوەتەوە.

سێشەممە 28ی نیسانی 2026، سەرچاوە ئاگادارەکان بە دەیڤید سپەنت، پەیامنێری فۆکس نیووزیان راگەیاندووە، داواکاری گشتی فیدراڵی تۆمەتی نوێی ئاراستەی جەیمس کۆمی کردووە سەبارەت بە پۆستێکی وێنەی کۆدێک کە ساڵی رابردوو بڵاوی کردبووەوە.

لەو پۆستەدا ژمارەکانی "86 47" نووسرابوون. بەپێی زانیارییەکان، ژمارە "86" لە فەرهەنگی چێشتخانە و چێشتلێنەرەکاندا بە واتای "لابردن، نەهێشتن یان کوشتن" بەکاردێت، لە کاتێکدا ژمارە "47" ئاماژەیە بۆ دۆناڵد ترەمپ وەک 47ەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

کۆمی ساڵی رابردوو دوای بڵاوکردنەوەی پۆستەکە، لە لایەن پاسەوانان و لێکۆڵەرە فیدراڵییەکانەوە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام لەو کاتەدا هیچ تۆمەتێکی فەرمیی ئاراستە نەکرا.

ئەمە دەبێتە دووەم تۆمەتبارکردنی فەرمی بۆ بەڕێوەبەری پێشووی FBI لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا. پێشتر و لە تۆمەتی یەکەمیدا، کۆمی بەوە تۆمەتبار کرابوو کە لەبەردەم کۆنگرێسدا درۆی کردووە سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیارییە هەستیارەکان بۆ دەزگاکانی راگەیاندن.

هەروەها سێ سەرچاوەی ئاگادار بە "سی ئێن ئێن"یان راگەیاند، کە جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی FBI، رۆژی سێشەممە بە فەرمی تۆمەتبار کرا، تۆمەتەکە لە دادگایەکی باکووری کارۆلینا تۆمار کراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆمی دەرچووە.

داواکاری گشتی فیدراڵی، جانین پیرۆ، رایگەیاند: "کۆمی بە ئەنقەست ئەم وێنەیەی بڵاو کردووەتەوە تاوەکو وەک دەربڕینێکی جددی بۆ زیانگەیاندن بە سەرۆک لێکبدرێتەوە." لە بەرانبەردا، کۆمی پێشتر وێنەکەی سڕیبووەوە و گوتی: "وام زانی پەیامێکی سیاسییە و نەمزانی خەڵک بە توندوتیژییەوە دەیبەستنەوە."

هاوکات لەگەڵ ئەم دۆسیەیە، کچەکەی کۆمی مۆرین کە داواکارێکی گشتیی ناودار بوو لە نیویۆرک، سکاڵایەکی یاسایی دژی وەزارەتی داد بەڕێوەدەبات. مۆرین دەڵێت بەهۆی ئەوەی کچی جەیمس کۆمییە بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە لە کارەکەی دەرکراوە. ناوبراو پێشتر سەرپەرشتیی دۆسیە گەورەکانی وەک شۆن دیدی کۆمبز، جێفری ئێپستاین و سیناتۆر رۆبێرت مێنێندێزی کردووە.

راپۆرتەکەی سی ئێن ئێن ئاماژە بەوە دەکات کە وەزارەتی دادی ئەمریکا لە ژێر چاودێری "تۆد بلانش" خەریکی خێراکردنی ئەو دۆسیانەیە کە ترەمپ داوایان دەکات، لەوانە لێکۆڵینەوە لە جۆن برێنان بەڕێوەبەری پێشووی CIA و فانی ویڵس داواکاری گشتی فۆڵتن کاونتی و هەروەها بەرپرسانی سەردەمی کۆرۆنا کە لە لایەن کۆمارییەکانەوە کراونەتە ئامانج.