لە هەولێر پڕۆژەی پاراوکردنی ئاوی ژێرزەوی و کەمکردنەوەی مەترسی لافاو جێبەجێ دەکرێت
بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر، تایبەت بە کوردستان24 رایگەیاند؛ پڕۆژەیەکی تاقیکاری (Pilot Project) بۆ پاراوکردنی ئاوی بارانی سەربان بۆ ناو ژێر زەوی لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئەنجامدراوە. ئەم پڕۆژەیە بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی لافاو و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی جێبەجێ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، ئەندازیار ڕێبوار حەسەن، بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پڕۆژەیە یەکێک بووە لە راسپاردەکانی کۆنفرانسی زانستی لافاو لە هەولێر بەڕێوەچوو. بۆ ئەم مەبەستە، پارێزگاری هەولێر لێژنەیەکی باڵای بە سەرۆکایەتی ئەندازیار مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار، پێک هێنا. دوای دراسەکردنی بابەتەکە، لێژنەیەکی دیکەی زانستی و پراکتیکی بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر و ئەندامییەتی چەندین فەرمانگەی پەیوەندیدار (شارەوانی، وەبەرهێنان، ئاوی ژێر زەوی، ئاوەڕۆ، ئاو، ئەندازەی پارکەکان و ژینگە) پێک هات.
بەڕێوەبەری ئاودێری هەولێر راشیگەیاند؛ پڕۆژەکە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ مامۆستایانی ئەکادیمی (مامۆستا خەلیل کەریم بەرزنجی، د. عەلی محەمەد سورداش و د. سیروان خدر مەلا) بە شێوەیەکی زانستی داڕێژراوە. سەرجەم پشکنینەکانی خاک (Soil Classification & Field Permeability Test) لەلایەن تاقیگەی بیناسازی هەولێر و پشکنینی ئاوەکەش لەلایەن فەرمانگەی ژینگەی هەولێرەوە ئەنجامدراوە. لەم قۆناخەدا، ئاوی بارانی بەشێک لە سەربانی بینای بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر کە رووبەرەکەی 242 مەتری چوارگۆشەیە، کراوەتە ناو ژێر زەوی.
پڕۆژەکە لەم 8 بەشە سەرەکییە پێکهاتووە:
1- Recharge pit 10m covered by geotextile & 7cm gravel with pressure sensor
2- Inlet flow meter
3- Sedimentation manhole +4 inch pvc pipe with vent cap
4- Water collection manhole
5- Chamber filter media +4 inch pvc pipe with vent cap
6- Out let flow meter
7- Automatic rain gauge station
8- Central data processing
ڕێبوار حەسەن گوتیشی: "پڕۆژەکە زۆر بە سەرکەوتوویی ئەنجامدراوە و ئەنجامە سەرەتاییەکان زۆر دڵخۆشکەرن. ئێمە بەردەوام لە رێگەی (Central Data Processing)ـەوە چاودێری پڕۆژەکە دەکەین."
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەم پڕۆژەیە لە چەند شوێنێکی دیکەش ئەنجام دەدرێت و بڕیارە ببێتە پڕۆژەیەکی نیشتمانی و ستراتیژی کە لە سەرجەم بینا و باڵەخانەکاندا جێبەجێ بکرێت، بە مەبەستی پاراستنی سامانی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی لافاو.