بێگەرد تاڵەبانی: لە کابینەی نۆیەمدا 145 پڕۆژەی نوێی پەلەوەر لە ئیدارەی راپەڕین جێبەجێ کراون
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانی بەشدارییکردنی لە "دیداری دەرفەتەکانی گەشەپێدانی ئابووریی و رەخساندنی هەلی کار" لە ئیدارەی راپەڕین، چەند ئامار و زانیارییەکی گرنگی سەبارەت بە کەرتی کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە دەڤەرەکە خستەروو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 29ـی نیسانی 2026، بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند؛ ئێستا 223 پڕۆژەی پەلەوەر لە سنووری ئیدارەی راپەڕین بوونیان هەیە، لەو ژمارەیەش 145 پڕۆژەیان تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دروستکراون، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکوومەتە بە بوژانەوەی کەرتی پەلەوەر لە ناوچەکەدا.
سەبارەت بە رێژەی بێکاری، بێگەرد تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، رێژەی بێکاری لەناو گەنجانی ئیدارەی راپەڕین گەیشتووەتە سەدا 15. هەروەها باسی یەکێک لە گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ناوچەکە کرد و گوتی: "یەکێک لە گرفتەکانی ئێمە لە ئیدارەی راپەڕین، کە خۆشم خەڵکی ئێرەم، ئەوەیە رقمان لەو کەسانەیە دوو دیناریان لەگیرفاندایە و دەیانەوێ وەبەرهێنان بکەن."
ناوبراو جەختی کردەوە، ئەم جۆرە تێڕوانینە بووەتە هۆکارێک نەتوانرێت وەبەرهێنەری گەورە پەلکێشی سنوورەکە بکرێت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی سوودی بۆ ئابووریی ناوچەکە هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری کشتوکاڵ تیشکی خستە سەر پێشکەوتنەکانی بواری بەرهەمهێنانی هێلکە و گوتی: "پێش کابینەی نۆیەم تەنیا یەک پڕۆژەی هێلکە لە ئیدارەی راپەڕین هەبوو، بەڵام ئێستا بەس لە سنووری پارێزگای سلێمانی 17 پڕۆژەمان هەیە و بەرهەمەکانمان هێندە زیادی کردووە کە پێداویستی تەواوی عێراق دادەپۆشین."
ئەم دیدارە بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ کێشە ئابوورییەکان و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی دەڤەری راپەڕین رێکخرابوو، تێیدا جەخت لە هاوکاری نێوان کەرتی گشتیی و تایبەت کرایەوە.