بارسێلۆنا ئامادەکاری بۆ ئاهەنگێڕان دەکات
بەرپرسانی بارسێلۆنا دڵنیان لەوەی ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا دەبەنەوە، بۆیە لە ئێستاوە وادەی ئاهەنگێڕانی لەگەڵ هاندەرانی دیاری دەکەن و نایانەوێت ئاهەنگەکە بۆ وادەیەکی دیکە دوابخەن.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نزیک لە یانەی بارسێلۆنای ئاشکرای کردووە، بەرپرسانی یانەکە دڵنیان لە هەفتەکانی داهاتوو، یانەکەیان ناسناوی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا یەکلایی دەکاتەوە، بۆیە لە ئێستاوە کار لەسەر بەڕێوەچوونی ئاهەنگی سەرکەوتن دەکەن.
هەفتەی رابردوو دوای ئەوەی ریاڵ مەدرید بەرامبەر ریاڵ بێتیس یەکسانبوو و دواتر بارسێلۆنا بە گۆڵێکی بێ وەڵام لە خیتافی بردەوە، جیاوازی نێوانیان لە ریزبەندی لالیگا بۆ 11 خاڵ بەرزبووەوە، بۆیە لە ئەگەری ئەوەی مێرنگی گەڕی داهاتوو رۆژی شەممە نەتوانێت لە ئیسپانیۆل بباتەوە و بارسێلۆناش یارییەکەی رۆژی یەکشەممە بەرامبەر ئۆساسۆنا بباتەوە، ئەو کاتە بە فەرمی یانە کەتەلۆنیەکە دەبێتە پاڵەوانی ئەم وەرزە.
ئەگەر ئەم هاوکێشەیە رووبدات ئەو کاتە یانەی بارسێلۆنا رۆژێک دوای یارییەکەی بەرامبەر ئۆساسۆنا، واتە رۆژی دووشەممەی هەفتەی داهاتوو لە شەقامەکانی شاری بارسێلۆنا ئاهەنگێکی گەورەی جەماوەری بە بۆنەی پاڵەوانبوونی رێکدەخات.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویشی کردەوە سەرەتا بڕیاروابوو رۆژێک دوای یاری کلاسیکۆ واتە یازدەی مانگی داهاتوو ئاهەنگی یاریزانان و هاندەرانی یانەی بارسێلۆنا بەڕێوەبچێت، بەڵام بڕیارەکە گۆڕاوە و ئەگەر یانەکە هەفتەی داهاتوو ناسناوی ئەم وەرزەی لالیگا یەکلایی بکاتەوە، هەر ئەو هەفتەیە ئاهەنگەکە بەڕێوەبچێت.