پێنتاگۆن: 25 ملیار دۆلار لە دوو مانگی جەنگدا خەرج کراوە
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بۆ یەکەمجار خەمڵاندنی فەرمیی بۆ تێچووی جەنگی ئێران راگەیاند، کە تا ئێستا گەیشتووەتە 25 ملیار دۆلار. ئەم ئامارە لە کاتێکی هەستیاردا بڵاو دەکرێتەوە کە تەنیا شەش مانگ بۆ هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس ماوە و دۆناڵد ترەمپ بەهۆی لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگەکەوە لە ژێر فشاری توندی نەیارە سیاسییەکانیدایە.
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، جولس هێرس، سەرپەرشتیاری کاروباری دارایی لە پێنتاگۆن، لەبەردەم لیژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەراندا ئاشکرای کرد، زۆربەی ئەو 25 ملیار دۆلارە بۆ دابینکردنی "تەقەمەنی و چەک" خەرج کراوە. هێرس وردەکاریی ئەوەی نەخستە روو کە ئایا ئەم بڕە پارەیە تێچووی چاککردنەوەی ئەو بنکە سەربازییانە دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا زیانیان بەرکەوتووە یان نا.
ئادەم سمیت، نوێنەری باڵای دیموکراتەکان لە لیژنەکە، پێشوازیی لە ئاشکراکردنی ئەم ژمارەیە کرد و گوتی: "خۆشحاڵم کە وەڵامی ئەو پرسیارەت دایەوە، چونکە ماوەیەکی زۆرە داوای ئەم ئامارە دەکەین و کەس پێی نەدەگوتین."
جەنگەکە کە لە 28ی شوباتی رابردووەوە بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستی پێکرد، تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی 13 سەربازی ئەمریکی و برینداربوونی سەدان کەسی دیکە. پێنتاگۆن دەیان هەزار سەربازی زیادە و سێ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گواستووەتەوە بۆ بەردەوامبوون لە فشارەکان.
بەپێی راپۆرتەکە، پەککەوتنی ناردنی نەوت و گازی سروشتی بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و پێداویستییە کشتوکاڵییەکانی وەک پەین لە ناوخۆی ئەمریکادا، ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی لێکەوتووەتەوە.
داتاکانی راپرسییەکی نوێی هاوبەشی نێوان رۆیتەرز و ئیپسۆس نیشانی دەدەن کە پشتگیریی ئەمریکییەکان بۆ ئەم جەنگە بۆ نزمترین ئاست دابەزیوە؛ تەنیا 34%ی هاووڵاتییان لەگەڵ بەردەوامیی ململانێکەدان لەگەڵ ئێران، لە کاتێکدا لە مانگی ئاداردا ئەو رێژەیە 38% بووە. دیموکراتەکان هەوڵ دەدەن ئەم تێچووە زۆرە وەک کارتێکی فشار دژی کۆمارییەکان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دەستیان دەربهێنن.