بەریتانیا متمانەی لە دیپلۆماتکارێکی رووسی سەندەوە
وەک وەڵامێک بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی بەریتانی لە رووسیا، حکوومەتی بەریتانیا بڕیاری دا متمانەنامەی دیپلۆماتکارێکی رووسی لە وڵاتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هۆشداری دەداتە مۆسکۆ کە هەر هەنگاوێکی تریان وەک پەرەپێدانی گرژییەکان دەبینرێت و بێ وەڵام نابێت.
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاند، ئەندرێ کێلین، باڵیۆزی رووسیای لە لەندەن بانگهێشت کردووە تاوەکو بە فەرمی ئاگاداری بکاتەوە لە وەرگرتنەوەی متمانەنامەی یەکێک لە دیپلۆماتکارەکانی وڵاتەکەی. لەندەن روونیکردەوە کە ئەم هەنگاوە وەڵامێکی راستەوخۆیە بۆ بڕیارەکەی مانگی ڕابردووی مۆسکۆ سەبارەت بە دەرکردنی دیپلۆماتکارێکی بەریتانی.
پێشتر دەزگای ئاسایشی فیدراڵیی رووسیا (FSB) بانگەشەی ئەوەی کردبوو، ئەو دیپلۆماتکارە بەریتانییە چالاکیی سیخوڕی و هەواڵگری هەبووە، بەڵام بەریتانیا ئەم تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و بڕیارەکەی رووسیا بە نادادپەروەرانە دەزانێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە: "هەر هەنگاوێکی داهاتووی رووسیا دژی دیپلۆماتکارانی ئێمە وەک پەرەپێدانی گرژییەکان هەژمار دەکرێت و لەندەن ئامادەیە جارێکی دیکە وەڵامی توندی هەبێت."
لەلایەکی ترەوە، ئاژانسی هەواڵی تاسی رووسی ئاماژەی بەوە کردووە، کە تا ئێستا باڵیۆزخانەی رووسیا لە لەندەن هیچ لێدوانێکی فەرمیی لەسەر ئەم پەرەسەندنە نوێیە و وەرگرتنەوەی متمانەنامەی دیپلۆماتکارەکەیان نەداوە.