بۆ یەکەمجار لە دوای سێ ساڵ؛ ئابووریی رووسیا پاشەکشەی تۆمار کرد

داتاکانی وەزارەتی ئابووریی رووسیا ئاشکرای دەکەن کە بەرهەمی ناوخۆیی ئەو وڵاتە لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا بە رێژەی 0.3% پاشەکشەی کردووە. ئەمە یەکەم داکشانی ئابووریی رووسیایە لە سەرەتای ساڵی 2023ـەوە، ئەمەش وای کرد ڤلادیمێر پوتن بە توندی رەخنە لە بەرپرسانی حکوومەتەکەی بگرێت و داوای رێکاری خێرا بکات.

بەپێی ئەو ئامارە سەرەتاییانەی کە ئەمڕۆ چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، بڵاوکراونەتەوە، ئابووریی رووسیا لە دوو مانگی یەکەمی ئەمساڵدا رووبەڕووی گرفت بووەتەوە؛ لە مانگی کانوونی دووەمدا بە رێژەی 1.8% و لە شوباتدا بە رێژەی 1.1% دابەزیوە. هەرچەندە لە مانگی ئاداردا گەشەیەکی 1.8%ـی تۆمار کردووە، بەڵام نەیتوانیوە قەرەبووی زیانەکانی پێشتر بکاتەوە و کۆی گشتیی وەرزی یەکەم بە نەرێنی کۆتایی هاتووە.

ئەم پاشەکشەیە لە کاتێکدایە کە لە سێ ساڵی رابردوودا ئابووریی رووسیا بەهۆی فراوانبوونی خەرجییە سەربازییەکان و پیشەسازییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئۆکرانیاوە، گەشەی بەردەوامی بەخۆوە دەبینی.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، دوای بینینی داتاکان، رەخنەی توندی لە بەرپرسانی باڵای ئابووریی وڵاتەکەی گرتووە و فەرمانی پێ کردوون کە دەبێت بە پەلە رێکاری نوێ بۆ بەهێزکردنی گەشەی ئابووری بدۆزنەوە.

لەلایەکی ترەوە، مەکسم ریشێتنیکۆڤ، وەزیری ئابووریی رووسیا، هۆشداری دا، ڕەنگە پێشبینییەکانی حکوومەت بۆ گەشەی ساڵانەی 2026 کە 1.3% دیاری کرابوو پێداچوونەوەی بۆ بکرێت و کەم بکرێتەوە.

هاوکات، شارەزایانی ئابووری لە راپرسییەکی ئاژانسی رۆیتەرزدا، پێشبینییەکانیان بۆ گەشەی ئابووریی رووسیا لەمساڵدا بۆ 0.8% دابەزاندووە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و تێچووی زۆری جەنگ خەریکە کاریگەریی قورسی خۆیان لەسەر پایە ئابوورییەکانی مۆسکۆ دەردەخەن.