ترەمپ: پوتن هاوڕایە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
ترەمپ: ئابووریی ئێران لە دۆخی داڕماندایە و دراوەکەیان تەواو بێ بەها بووە
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند هێزی سەربازیی ئێران بووەتە مێژوو و ئابووریی ئەو وڵاتەش داڕماوە. ترەمپ بە ئاشکرا ئاراستەی گوشارەکانی گۆڕی بۆ سەر مۆسکۆ و داوای لە پوتن کرد لەبری پرسی ئەتۆمیی ئێران، لە چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیادا هاوکار بێت. بە گوتەی ترەمپ، ئێستا تاران هیچ بژاردەیەکی نەماوە جگە لەوەی بە فەرمی "خۆبەدەستەوەدان" ڕابگەیەنێت
چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی رایگەیاند: "من و ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا گفتوگۆیەکی زۆر باشمان هەبوو. ئەو پێی گوتم کە دەیەوێت لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێراندا بەشدار بێت و هاوکارمان بێت، بەڵام من پێم گوت کە زۆر زیاتر حەز دەکەم تۆ لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا هاوکارمان بیت، چونکە ئەوە لای من زۆر گرنگترە."
ترەمپ ئومێدی خۆی نیشاندا کە زۆر بە خێرایی چارەسەرێک بۆ جەنگی ئۆکرانیا بدۆزنەوە و گوتی: "من پێشنیازی ئاگربەستێکی کاتیم لە ئۆکرانیا کردووە."
ترەمپ سەبارەت بە داڕمانی سەربازیی ئێران گوتی: "لە رووی سەربازییەوە، ئێمە ئێرانییەکانمان سڕییەوە، ئەوان ئێستا هیچ هێزێکی سەربازییان نەماوە. تەواوی هێزی دەریایی ئەوان لە قووڵایی دەریاکاندایە و هێزی ئاسمانییان هەرگیز جارێکی دیکە ناتوانێت چالاکییەکانی خۆی بکەن." گوتیشی: سوپای ئەمریکا ئێستا لە بەهێزترین دۆخی مێژوویی خۆیدایە.
لەبارەی دۆخی ناوخۆی ئێرانەوە، ترەمپ جەختی کردەوە کە "ئابووریی ئێران لە دۆخی داڕماندایە و دراوەکەیان تەواو بێ بەها بووە." هەروەها زانیارییەکی هەواڵگریی خستەڕوو و گوتی: "ئێران ئێستا تەنیا خاوەنی رێژەیەکی زۆر کەمی دامەزراوەکانی دروستکردنی مووشەکە،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە زۆربەی ژێرخانی سەربازیی ئەو وڵاتە لە هێرشەکاندا تێکشکێندراون.
ترەمپ ئاشکرای کرد کە لەگەڵ پوتن هاوڕان لەسەر ئەوەی کە "نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی". سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی کردەوە کە ئەگەر تاران بییەوێت گفتوگۆ بکات، دەتوانێت پەیوەندی بە واشنتنەوە بکات، بەڵام جەختی کردەوە کە ئیدارەکەی بەردەوام دەبێت لە فشارەکان تا دەگەیشتن بە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی گەمارۆ دەریاییەکەی کرد کە خستوویەتیە سەر ئێران و ئاماژەی دا، "ئەم گەمارۆیە 'بلیمەتانەیە' و 100% سەرکەوتوو بووە. ئەمە نیشانی دەدات کە هێزی دەریایی ئێمە چەند بەهێزە؛ کەس ناتوانێت یاری لەگەڵ ئێمەدا بکات." ترەمپ جەختی کردەوە کە هیچ رێککەوتنێک لەگەڵ تاران ناکات، مەگەر بەو مەرجەی کە "هیچ چەکێکی ئەتۆمییان نەبێت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ئابووریی ئێران لە بارودۆخێکی زۆر خراپدایە و گوتی: "ئابووریی ئەوان ئێستا ئابوورییەکی 'مردوو'ە. ئێرانییەکان ئێستا گەیشتوونەتە ئاستێک کە دەبێت بە فەرمی بڵێن 'خۆمان بەدەستەوە دا'." جەختی کردەوە، فشارەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی تاران بە تەواوی مل بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا دەدات.
ترەمپ جەختی کردەوە کە ئەو لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و پەلەی نییە بۆ رێککەوتن، چونکە پێی وایە فشارە ئابووری و سەربازییەکانی ئەمریکا تاران و مۆسکۆیان ناچار کردووە بە دوای رێگەچارەیەکدا بگەڕێن کە لە بەرژەوەندیی واشنتندا بێت.