یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا بۆ سێیەم جاری لەسەر یەک نرخی سوودی جێگیر کرد

بانکی ناوەندیی ئەمریکا (یەدەگی فیدراڵی) بڕیاری دا بۆ سێیەم جاری لەسەر یەک نرخی سوود بە جێگیری لە ئاستی 3.6% بهێڵێتەوە. ئەم بڕیارە، کە لە ناو جەرگەی ئاڵۆزییەکانی جەنگی ئێران و بەرزبوونەوەی نرخی وزەدا درا، گەورەترین دابەشبوون و ناکۆکیی لە ناو لیژنەی بڕیاردەری بانکەکەدا دروست کردووە کە لە ساڵی 1992ـەوە وێنەی نەبووە.

سەرەڕای جێگیرکردنی نرخەکە، بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد کە هەنگاوی داهاتوو رەنگە کەمکردنەوەی نرخی سوود بێت. ئەم خاڵە بووەتە هۆی دروستبوونی ململانێیەکی توند لە ناو لیژنەی 12 ئەندامیی بانکەکە؛ چوار ئەندام دژی بڕیارەکە بوون، کە یەکێکیان داوای کەمکردنەوەی دەستبەجێی نرخەکەی دەکرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی سستبوونی ئابووری.

چوارشەممە 29ـی نیسانی 2026، جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی یەدەگی فیدراڵی، لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا سەرنجی خستە سەر کاریگەرییەکانی جەنگی ئێران و ئیسرائیل لەسەر بازاڕ و گوتی: "پەرەسەندنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دڵەڕاوکێ و نادڵنیاییەکی زۆریان لەبارەی ئایندەی ئابووری دروست کردووە. بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو شۆکەی کە لە ئەنجامی گرانبوونی نرخی وزە لە ئاستی جیهاندا روویداوە."

پاوڵ ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئیدارەکەیان بە وردی چاودێریی کاریگەریی "باجە گومرگییەکان" دەکات و گوتی: "ئێمە چاوەڕێ دەکەن لە دوو وەرزی داهاتوودا کاریگەریی باجەکان لەسەر نرخەکان روونتر ببنەوە، بۆیە دەبێت زۆر بە وریاییەوە بڕیار لەسەر دەستکاریکردنی نرخی سوود بدەین."

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە جیرۆم پاوڵ لە 15ی ئایاردا پۆستەکەی جێدەهێڵێت، بەڵام وەک ئەندامی دەستەی پارێزگاران دەتوانێت تاوەکو 31ی کانوونی دووەمی 2028 لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە. ئەم بڕیارەی پاوڵ دەرفەت لە دۆناڵد ترەمپ دەستێنێتەوە کە بتوانێت دەستبەجێ کەسێکی نزیک لە خۆی بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورسییە گرنگە لە ناو ئەنجوومەنی بانکەکەدا دابنێت، پێشتریش لیژنەی بانکەکان لە ئەنجوومەنی پیران رەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر دەستبەکاربوونی کیڤن وۆرش وەک جێگرەوەی پاوڵ، کە لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەو پۆستە کاندید کراوە.

پاوڵ لەوە بارەوە، دەڵێت: "من هیچ نێتێکی رۆیشتنم نییە تاوەکو ئەو کاتەی لێکۆڵینەوەکە بە تەواوی و بە شەفافی و بە شێوەیەکی یەکجاری کۆتایی نەیەت."؛ پاوڵ جەختی کردەوە کە پلانی نییە ببێتە بەربەست لە بەردەم کیڤن وۆرش، کە لە لایەن ترەمپەوە بۆ سەرۆکایەتیی بانکەکە کاندید کراوە.

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە، بەردەوامیی جەنگی ئێران و داخرانی گەرووی هورمز، گەورەترین ئاڵەنگاری دەبن لەبەردەم سەرکردایەتی نوێی بانکی ناوەندیی ئەمریکا، چونکە دەبێت هاوسەنگییەک لە نێوان کۆنتڕۆڵکردنی هەڵئاوسان و پاراستنی گەشەی ئابووریدا بدۆزنەوە.