فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران: بەمنزیکانە چەکە نوێیەکانمان دەبینن

ئەرشیف
ئەرشیف

شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای ئێران رایگەیاند: "بە کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز رێگەی گەشتن بە دەریای عەرەب داخراوە و ئەگەر دوژمن هەنگاوی زیاتر بنێت، رووبەڕووی کردەوەی سەربازی دەبێتەوە".

شەهرام ئێرانی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەیداوە "کەشتییەکانمان بەردەوام بەرەو بەندەرەکانی وڵات لە جووڵەدان، لەم نزیکانەدا دوژمنان ئەو چەکە نوێیانەمان دەبینن کە لێی تۆقیون و ئومێدەوارین جەڵتە لێیان نەدات".

هەروەها جەخت لە داخستنی گەرووی هورمز و دابڕاندنی جووڵەی کەشتییەکان بەرەو کەنداوی عەرەب دەکاتەوە و هەڕەشەی لە هێزی دەریایی ئەمریکا دەکات، ئەگەر هەر جووڵە و پێشڕەوییەکی دیکە بکەن، ئەوە هێزی دەریایی ئێران بەرپەرچی توندیان دەدەنەوە.

ئەو فەرماندەی هێزی دەریای سوپای پاسداران دەڵێت: "دوژمن لێکدانەوەیەکی هەڵەی کردبوو، لەو بڕوایە بوو لە سێ رۆژدا تا هەفتەیەک، دەتوانێت لە جەنگ دژی ئێران ئەنجامێکی باش بە دەست بهێنێت، هەر ئەم لێکدانەوە هەڵەیە، ئەوانی کردە پەند".

هەروەها ئاشکرای کردووە، هێزی دەریایی سوپا وڵاتەکەی لە جەنگی 40 رۆژەدا، توانیویانە بە 7 مووشەک هێرشی سەر کەشتی جەنگی ئەبراهام لینکۆڵن بکەن، هەر بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، بەجۆرێک بەرپەرچی هێرشەکانی ئەمریکایانداوەتەوە، کە ماوەیەک فڕۆکە جەنگییەکانیان نەیانتوانیوە هیچ هێرشێک بکەن.

لە بارەی جووڵەی دەریایی کەشتییەکانی وڵاتەکەی، شەهرام ئێرانی دەڵێت: " دوژمن بە درێژایی مێژوو هەوڵیداوە دەست بەسەر گەرووی هورمزدا بگرێت و کۆنترۆڵی بکات، ئەمجارەش بە هێنانی کەشتی زەبەلاحی فڕۆکە هەڵگر و هێزی دەریایی پێشبینی هەڵەی کرد، چونکە رووبەڕووی بەرپەرچدانەوەیەکی توند و بەهێزبووەوە، بەمەش دوژمن لە ئاستی هێزی نێودەوڵەتیدا شکۆی لە دەستداوە و ئێستا ئێران کۆنترۆڵی گەرووی هورمز و رەئس عەینی لە دەستە".

بە گوتەی ئەو فەرماندەیە، بەشێک لە کەشتییەکانی ئێران لە بەندەرەکانەوە بەڕێککەوتوون و بەشێکیشیان گەڕاونەتەوە لە بەندەرەکان لەنگەریان گرتووەتەوە.