ترەمپ پلانە نوێیەکانی سێنتکۆم بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ دژی ئێران تاوتوێ دەکات

ئەرشیف
ئەرشیف

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لەلایەن براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم)، زانیاریی ورد و پلانە نوێیەکان بۆ دەستپێکردنەوەی کردەوە سەربازییەکان دژی ئێران وەربگرێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، فەرماندەیی ناوەندی چەند بژاردەیەکی خستووەتە بەردەم ترەمپ، لەوانە، وەشاندنی شەپۆلێکی هێرشی "کورت و بەهێز" بۆ سەر ئامانجە ژێرخانییەکانی ئێران بە مەبەستی شکاندنی چەقبەستوویی دانوستانەکان. هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تایبەت لەلایەن "کۆماندۆ"وە بۆ دەستبەسەرداگرتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران. کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە گەرووی هورمز بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی. لەگەڵ ئەگەری بڵاوکردنەوەی هێزی زەمینی لە هەندێک ناوچەدا.

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ترەمپ بژاردەی سەربازی وەک فشارێکی کۆتایی دەبینێت. هەرچەندە ناوبراو رۆژی چوارشەممە رایگەیاندبوو؛ "گەمارۆی دەریایی کاریگەرترە لە بۆردومانکردن"، بەڵام ئاماژەی بەوەش کردووە ئەگەر تاران نەێتە ژێر بار، ئەوا بژاردەی سەربازی بۆ وەشاندنی "لێدانی کوشندە" بەکار دەهێنێت.

لە بەرامبەردا، بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ئێران لە کاردانەوەی گەمارۆ دەریاییەکان، هێرش بکاتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، هەر بۆیە تەواوی ئەگەرەکان تاوتوێ دەکرێن.

براد کووپەر لە 26ـی شوباتی رابردووشدا زانیاری هاوشێوەی دابووە ترەمپ، دواتر بووە هۆی دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران.