مژدە گەردی رووداوە نامۆکانی کۆمەڵگە ئاوێتەی تابلۆکانی دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ی نیسانی 2026، مژدە گەردی، خانمە شێوەکار و نووسەر، تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی خۆی لەبواری نووسین و تابلۆکانیدا و باس لە نوێترین پڕۆژەی خۆی دەکات.

مژدە گەردی دەڵێت، "کاتێک لە زانکۆ بووم، زۆر هیوام هەبوو، کچێکی تەمەن بیست ساڵان بووم، وەک خەونەکانی گەنجی، هەولێرم بە هیوای خۆم هەژاندبوو. دنیایەک لە خەون و خەیاڵ لە ناخمدا هەبوو، بەڵام رۆژگار نەیهێشت هەموویان بگەنە گۆڕەپانی راستی."

مژدە گەردی، خانمە شێوەکار و نووسەر، دەربارەی ئەزموونی خۆی لەبواری نووسیندا بە کوردستان24ی گوت، "من لە قۆناخی ناوەندییەوە، لە ناو بازنەی ئەدەب و شیعر ناسراو بووم. هەموو ساڵێک بەشداریی کۆڕ و پێشبڕکێی شیعر خوێندنەوەم کردووە و لە ساڵانی 1993 تا 1995 لە کۆلێژی ئاداب، چەندین کۆڕی شیعریم بەڕێوەبردووە. هۆڵی میدیا، هۆڵی کامەران موکریانیی و هۆڵی عبدولقادر فەرهادی، لەو شوێنانەن کە دەنگی شیعرەکانی منیان لێ بەرز بووەتەوە. هەروەها کار و بەرهەمەکانی من لەزۆربەی گۆڤار و رۆژنامەکاندا بڵاوکراوەتەوە، ئەمەش دەریدەخات کە دەنگی شاعیرێکی گەنجی وەکو من لەو کاتەدا توانراوە سنووری زمانەکانیش ببڕێت. لە ساڵی 1999، کوردستانم بەجێهێشت و بەرەو ئەڵمانیا چووم. ئێستا لە نزیک شاری کۆڵن دەژیم، لەگەڵ دوو منداڵەکەم، نیگا و نەواز، ژیانی خۆم بەڕێوەدەبەم. بەڵام  لەگەڵ هەموو گرفتەکانی ژیان و بارودۆخی کۆچ، هەرگیز پەیوەندیم بە هونەرەوە نەبڕاوە."

مژدە گەردی گوتیشی، "لە بواری هونەری شێوەکاریدا، من قوتابیی هونەرمەندی ناسراو مامۆستا محەمەد عارف بووم لە ستۆدیۆی کۆلێژی ئاداب. پاشان توانیومە حەوت پێشانگەی هاوبەش و دوو پێشانگای تایبەت لە هەولێر و سلێمانی بەڕێوەببەم. تایبەتمەندیی ئەو پێشانگەیانەی من ئەوە بووە کە بە تەکنیکێکی نوێ و نامۆی ئەو کات کارەکان کراون، شێوازێک بوو کە خۆم یەکەم کەس بووم بەم جۆرە تاقیکردنەوەیە کار بکەم. هەروەها لە نێو 24 تابلۆی پێشانگەکانم وەکو، لە چاوەڕوانی گۆدۆ، پڵنگەکان لە رۆژی دەیەم، ئەو پیاوەی لەسەر گۆرانیەک کوژرا، دیارترین نمونەی تابلۆکانم بوون. تابلۆکانم لە ژێر رەوشێکی ئەدەبی دروست کراون و باس لە شتە نامۆکان و ئاڵۆزییەکانی ناو کۆمەڵگە دەکەن."

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە تێگەیشتنی جەماوەر لە هونەری سەردەم دەکات و دەڵێت، "جەماوەر بەگشتی چاوی بە ریالیزم و پەیامی راستەوخۆ راهاتووە. ئەوان کاتێک لە نیگارێک دەڕوانن، چاوەڕوانن دیمەنێکی ئاشنا ببینن و لەگەڵ رادەی لێکچوونی لە دنیای دەوروبەریان هەڵیدەسەنگێنن، سەرنجی ئەوە دەدەن هونەرمەندەکە تا چەند توانیویەتی دیمەنەکە وەک خۆی وێنا بکات، و وا دەزانن هەرچەند وێنەکە راستی بێت، ئەوە هونەرمەندەکە سەرکەوتووترە، ئەمە بۆ قۆناخ و سەردەمی خۆی چاوەڕوانییەکی بەجێ بوو، پێش داهێنانی کامێرا زۆر ئاسایی بوو هونەرمەندی نیگارکێش ئەو هەوڵە بدات، بۆ کاتی خۆی و تەنانەت بۆ ئەم سەردەمەش سوودی هەبوو."

مژدە گەردی ئاماژەی بەوەش دا، "لە روانگەی هونەرییەوە، من باوەڕم وایە هونەری مۆدێرن تەنیا یاری بە رەنگ نییە، بەڵکو زمانێکی قوڵی هەست و بیرکردنەوەیە، هەروەها شێوازی کارەکانی من، کاریگەریی لە قوتابخانەی باوهاوسی ئەڵمانیا وەرگرتووە، شوێنێک کە هونەر و کارایی تێیدا تێکەڵ بوون. بۆیە تابلۆکانی من زیاتر بۆ ئەوانەن کە دەتوانن رەنگەکان بخوێننەوە."

دەربارەی بەرپرسیارێتی نووسەر بەرامبەر نووسینەکانی دا، مژدە گەردی گوتی، "لە بواری نووسینیشدا، من نووسەرێکم باوەڕم بە بەرپرسیارێتیی نوسەر هەیە. هەروەها نوسەر نابێت تەنیا گوزارشت لە ناخی خۆی بکات، بەڵکو دەبێت دەنگی ئازار، هەژاری، ژن، و خەڵکی بێدەنگ بێت. لە روانگەی منەوە ئەو نوسەرەی بێدەنگی هەڵبژێرێت، کڵاوی خۆی گرتووە."

مژدە گەردی باسی لەوەش کرد، "کاتێک لە زانکۆ بووم، زۆر هیوام هەبوو، کچێکی تەمەن بیست ساڵان بووم، وەک خەونەکانی گەنجی، هەولێرم بە هیوای خۆم هەژاندبوو. دنیایەک لە خەون و خەیاڵ لە ناخمدا هەبوو، بەڵام رۆژگار نەیهێشت هەموویان بگەنە گۆڕەپانی راستی. چیرۆکی ژیانی من هی کەسێکە کە لە نێوان نیشتمان، کۆچ، ژیان و هونەر، هەرگیز خەونەکانی نەکوشتووە. هەر بۆیە بۆ من شیعر و وێنەکێشان تەنیا هونەر نین، بەڵکو کلیلێکن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییی رۆح."

لەکۆتایی قسەکانیدا، ئەو خانمە نووسەر و هونەرمەندە باس لە پڕۆژەی نوێی خۆی دەکات و دەڵێت، "وەکو پڕۆژەی نوێم، دوو دیوانی شیعریم ئامادەی چاپ بوونە،  بەڵام بەهۆی ئەم بارودۆخەوە حەزم نەکردووە بڵاوبکرێنەوە. هەر بۆیە لە ئێستادا چاپکردن بۆمن گرنگ نییە، چونکە بەلای منەوە ئەوە گرنگترە بەردەوامیی داهێنانە."

مژدە عەزیز گەردی، خانمە شێوەکار و نووسەر، خەڵکی شاری هەولێرە و دانیشتووی وڵاتی ئەڵمانیایە. دەرچووی کۆلێژی ئاداب، بەشی زمانی کوردیی زانکۆی هەولێرە لە ساڵی 1996، چەندین پێشانگەی لە کوردستان و ئەورووپا کردۆتەوە، لە نووسینیشدا خاوەنی دوو دیوانی شیعرییە و دیوانێکی تریشی ئامادەی چاپکردنە.

نموونەیەک لە کارەکانی مژدە گەردی