کارەبای سۆران: زیاتر لە 30 ستوونی کارەبا کە بەهۆی رەشەباوە شکابوون چاککرانەوە

بەهۆی بای بەهێزەوە لە سۆران زیان بەر ژمارەیەکی زۆر ستوونی کارەبا کەوت، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ئاماژە بەوە دەکات، توانرا سەرجەمیان چاکبکرێنەوە و گرفتەکانیان چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 30ـی نیسانی 2026، ئەردەوان ئیبراهیم، بەڕێوەبەری کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: بەهۆی ئەوەی لە هەفتەی رابردوو بایەکی بەهێز سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی گرتەوە ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی ژمارەیەکی زۆری ستوونی کارەبا لەو سنوورە بەتایبەتی لەناوچە شاخاوییەکان.

بەڕێوەبەری کارەبای سۆران ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە 30 ستوونی کارەبا بەهۆی رەشەباوە شکان هەروەها ژمارەیەک بگۆڕی کارەبا بەهۆی هەورە برووسکەوە سووتان، بەڵام توانرا لە کاتێکی زۆر نزیک تەواوی گرفتەکان چارەسەر بکرێن و کارەبایان بۆ بگەڕێتەوە، زۆرترین زیان بەر ناوچەکانی سیدەکان و مێرگەسۆر و چۆمان کەوتبوو.

دەربارەی پرۆژەی رووناکی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەڕێوەبەری کارەبای سۆران رایگەیاند، لە هەر شەش شارۆچکەی سۆران پرۆژەی رووناکی کەوتووەتەکار و هەروەها و 94 هەزار و 348 هاوبەشی کارەبا هەن.

ئەردەوان ئیبراهیم جەخت لەوە دەکاتەوە، پرۆژەی رووناکی کاریگەری هەبووە لەسەر خاوێنبوونەی هەوای ناوچەکە چونکە بەهۆیەوە 194 مۆلیدەی گەڕەکەکان کوژاونەتەوە.